پشتیوانیی دادستانی کرماشان لە گەڵاڵەی کەشفی حیجاب بیانوویەکی زیاتره بۆ ئازاردانی ژنان

11:44 - 21 رەشەمه 2720

دادستانی گشتی و ئینقلابی شاری کرماشان جارێکی دیکە پشتیوانیی خۆی لەمەڕ هەڵسوکەوتی لەگەڵ ژنانی بێ حیجاب، لە کاتی لێخوڕینی ماشین و لەنێو ماشین لەو شارەدا دەربڕی.

"شارام کەرەمی" دادستانی گشتی و ئینقلابی پارێزگای کرماشان، پشتیوانیی ئەو ناوەندە قەزاییەی لەمەڕ گەڵاڵەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە پەیوەندی لەگەڵ کەشفی حیجابی ژنان لەنێو ماشین، دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە: "هێزە ئینتزامییەکان دەبێت پێبەندی ئەرکە یاساییەکانی خۆیان لەهەمبەر هەڵسوکەوت لەگەڵ ناکوڵۆکاری (ناهنجاری) بن".

ئەو بەرپرسە قەزاییەی پارێزگای کرماشان، هۆکاری سەرەکی لە پشتیوانی و جێبەجێکردنی گەڵاڵەی هێزە نیزامییەکان  بۆ بێ‌حیجابیی ژنان لەنێو ماشینەکان، بۆ پاراستنی نەزمی گشتیی کۆمەڵگا گەڕاندەوە.

دادستانی گشتی و ئینقلابی پارێزگای کرماشان هەرروەها ڕایگەیاندووە: "لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی حاڵەتی کەشفی حیجاب لەنێو ماشیندا، بە شێوەی یاسایی هەڵسوکەت دەکرێت و ماشینەکەش ڕادەگرن".

پێشتر لەو پەیوەندییەدا، یەکێک لە پارێزەرانی دادگوستەری لە وتارێکدا، لە ڕۆژنامەی "اعتماد" نووسیبووی، ناردنی نامە بە هۆکاری جیاجیا و وەرگرتنی بەڵێننامە لە موسافیرانی ماشینەکە، بە بیانووی لەبەرچاونەگرتنی حیجاب، لەگەڵ یاساکانی مەوجوود لە حکوومەتی ئێراندا دژایەتی هەیە".

"عەلی نەجەفی توانا" دەڵێت: "تەنانەت ئەگەر نەبوونی سەرپۆش لەسەر ژنان لەنێو ماشینەدا بەڵگەی سەلمێندراو بۆ سزای ئەو ژنانە بێت، پۆلیس تەنیا دەتوانێ بە کۆکردنەوەی بەڵگە، ئەو بەڵگانە ڕەوانەی دەزگای قەزایی بکات نە مافی ناردنی نامەی هەیە و نە مافی وەرگرتنی بەڵێننامە".