پشتیوانی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ لە بەڕێوەچوونی گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان

15:14 - 31 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ پشتیوانی خۆیان بۆ بەڕێوەچوونی گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان دەربڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شۆرای ناوەندەی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ بەیاننامەیەکیان لە پەیوەندیی لەگەڵ گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان بڵاوکردەوە.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: پێکهاتەی فیدراڵیزم لە وڵاتانی نادێموکراتیک و ناسکۆلار، پێکهاتەیەکی دەستەبەریی و بەردەوام نییە و لەم بواردا بە ڕەچاو کردنی \"بنەماکانی دێموکراتیک\" و دابین کردنی مافی سەرجەم کەمینەکانی نێوخۆیی هەر جوغرافیایەک؛ لە فورمی گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵک، ڕێفراندۆم لە کوردستانی عێراق بۆ بەدی هاتنی مافە بنەڕەتییەکانی نەتەوەی کورد پشتیوانیی و داکۆکی دەکات.

دەقی ئەو بەیاننامەیە کە بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەندراوی \"شۆرای ناوەندیی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ\" سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم لە هەرێمی کوردستانی عێراق


حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، کە لە ٢٥ی مانگی سێپتامبری ٢٠١٧ی زایینی رێفراندۆمێک بەڕێوە دەبات، کە ئەم پرسە دژکردەوەی جۆراوجۆری لە ئاستی ناوچە و کۆڕە نێونەتەوەییەکانی بە دوای خۆیدا هێناوە.

عێراقی پاش دەوڵەتی بەعسی سەدام حوسێن، وەکوو حکوومەتێکی فیدراڵی هاوبەش کارەکانی خۆی دەسپێکرد و لە یاسای بنەڕەتی خۆیدا ئاماژە بەوە کرا، کە نەتەوەکان و بەتایبەت نەتەوەی کورد بە دڵخواز لەم حکوومەتە بەشدارییان کردووە و یەکەیەکی هاوبەشی سیاسییان پێک هێناوە، کە بە شێوەی فیدراڵی، دێموکراتیک و سکۆلار بەڕێوە دەچێت و هەموو خەڵکی عێراق لەم مافە بەرانبەر و یەکسانە بەری دەبن.

بەڵام بەداخەوە دەستێوەردانەکانی ڕاستەوخۆی دەسەڵاتدارانی کۆتلەبازی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکە و پەرەپێدان بە شەڕی مەزهەبی و سووکتایی کردنی لە ڕادەبەدەر بە عەرەبە سونییەکانی عێراق و ئاکامی سەرهەڵدانی داعش، ملکەج بوونی حکوومەتی ناوەندیی عێراق و ناسەقامگیرتر بوونی ناوچەکە، بەتایبەت پێک هێنانی قەیران لە عێراق و گۆڕینی ئەو حکوومەتە بە حکوومەتێکی کۆتلەبازی مەزهەبی، سەرەڕۆ و ناوەندگەرای لێ کەوتەوە.

بوونی ئەم بارودۆخە لە وڵاتی عێراق بووەتە هۆی ئەوە کە بنەمای یاسا بنەڕەتییەکان وەکوو وڵاتی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامیی، تەنیا لە سەر لاپەڕەکان بمێنێتەوە و بەم جۆرە ئاڵۆزی و هەڵاواردن و قەیرانە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان لە نێو خەڵکی عێراق سەر هەڵبدات.

بە هۆی دووربینی و ڕوانگەیەکی تیژ لە مەڕ ئەم دۆخە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بەڕێوەبردنی \"ڕێفراندۆم\" و گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵکی کوردستان، خۆ دەرباز کردنی لەم باردۆخە نالەبارەی لە دەستوری کار خۆی داناوە و بۆ دەربازبوون لەم کێشە و گرفتانەی کە بەرهەمی سیاسەتەکانی حکوومەتی ناوەندییە و بۆ پێکەوە ژیانێکی ئاشتیخوازانە نەتەوەکانی جوغرافیای عێراق؛ ڕێفراندۆم بە ڕێگاچارەیەکی گونجاو دەزانێت.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ وەکوو یەکیەتییەکی سەرتاسەری ئێرانیی، کە بە مەبەستی پێک هێنانی ئێرانێکی فیدراڵ، دێموکراتیک و سکۆلار لە ئێرانی فرەنەتەوەدا پێک هاتووە، وێڕای ڕێزگرتن لە مافی ڕەوای سەروەریی وڵاتانی دیکە و خۆپاراستن لە دەستێوەردانی نێوخۆیی ڕادەگەیەنێت:

پێکهاتەی فیدراڵیزم لە وڵاتانی نادێموکراتیک و ناسکۆلار، پێکهاتەیەکی دەستەبەریی و بەردەوام نییە و لەم بواردا بە ڕەچاو کردنی \"بنەماکانی دێموکراتیک\" و دابین کردنی مافی سەرجەم کەمینەکانی نێوخۆیی هەر جوغرافیایەک؛ لە فورمی گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵک، ڕێفراندۆم لە کوردستانی عێراق بۆ بەدی هاتنی مافە بنەڕەتییەکانی نەتەوەی کورد پشتیوانیی و داکۆکی دەکات.

شۆرای ناوەندیی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ
٢١ی سێپتامبری ٢٠١٧