پشتیوان ئەفسەر ئیزنی مەرەخەسی پێدرا

17:33 - 16 سەرماوەز 2720

ڕۆژی شەممە ١٥ی سەرماوەز، یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨، بە ناوی "پشتیوان ئەفسەر" خەڵکی گوندی "نێـ"ـی مەریوان، بە دانانی بارمتە ئیزنی مەرەخەسی پێدرا.

ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خەزەڵوەر، ئەو هاووڵاتییە کوردە بانگهێشتی دادگای ئینقلابی شاری سنە کرابوو دواتر بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی، دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی سنە کرا.

"پشتیوان ئەفسەر"، مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٨،  لەلایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی سنە، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، بە ٩ ساڵ زیندانیی تەعزیریی مەحکووم و ئەو حوکمەش لە دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە، بۆ پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری کەم کرابووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨، لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکاندا، دەسبەسەر و ڕۆژی شەممە، ٢٣ی سەرماوەزی ٩٨، بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ ملیۆن تەمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.