پزیشكێكی كورد لەتاران تێزابی پێداكرا

14:56 - 9 سەرماوەز 2714
ئاژانسی كوردپا: سەرپەرستی نەخۆشخانەیەكی فێركاری - دەرمانی لەتاران لەلایەن دوو كەسەوە هێرشی كراوەتە سەر و تێزابی پێداكراوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، سەرنشینی ماتۆرسیكلێتیک، کە دوو کەس بوونە، هێرشیان كردۆتە سەر دكتور سیامەند ئەنوەری سەرپەرستی نەخۆشخانەی \"زیائیان\"‌ی تاران و بە هۆی پژاندنی تێزاب بە سەر چاویدا تووشی برینداری بووە.

ئەو رووداوە كاتژمێر ٩ی شەوی رابردوو لە نزیك مەیدانی \"وەنەک\" رووی داوە.
هەواڵنێری كوردپا لەشاری تارانەوە رایگەیاند، دكتور ئەنوەری خەڵكی شاری مەهاباد و دانیشتووی تارانە و بە هۆی پژاندنی ئەو تێزابەوە ئێستا لە نەخۆشخانەی \"فارابی\"، کە تایبەت بە نەخۆشیی چاوە، لەژێر چاودێری دایە.

\"23363.jpg\"
دكتور سیامەند ئەنوەری سەرپەرستی نەخۆشخانەی \"زیائیان\"‌ی تاران
ئەو پزیشكە كوردە چاوی چەپی تووشی برینداری بووە و سەر و دەمیشی بەهۆی پژاندنی تیزابەکەوە سووتاون.

هەواڵدەرییە حكوومەتییەكان بڵاویان كردۆتەوە، ئەو رووداوە لەلایەن پۆلیسەوە بەدواداچوونی بۆ دەكرێ‌.

نەخۆشخانەی زیائیانی تاران وەكوو ناوەندێكی فێركاریی ـ دەرمانی كە یەر بە زانستگەی زانستی پزیشكی تارنە دێتە ئەژمار كە لە نزیك مەیدانی ئەبووزەر لە باشووری رۆژئاوای تاران هەڵكەوتووە.

ئەو هێرش كردنە لەحاڵێكدایە كە لەماوەی چەند حەفتەی رابردوودا ژمارەیەك حاڵەتی هاوشێوەی پژاندنی تێزاب لە ئیسفەهان و كرماشان بەڕێوە چووبوو.
فەرماندەی هێزی ئینتزامی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران وتوویەتی، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا زیاتر لە ٣١٨ حاڵەتی پژاندنی تێزاب لەئێران رووی داوە.