پایگایەکی نیزامی لە شاری رەبەت ئاگری تێبەردرا

15:43 - 1 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: کۆنە پایگایەکی سوپای پاسداران لەشاری رەبەت لەپارێزگای ورمێ لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە ئاگری تێبەر درا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ٣٠ گەلاوێژ، کۆنە پایگایەکی سوپای پاسداران ناسراو بە \"تەباتەبایی\" لە دەورووبەری شاری رەبەت لەلایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوە سووتێنراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پێوەندییەدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاندووە، ئاگرگرتنی ئەو پایگایە خەساری گیانی بە داوە نەبووە،بەڵام دارستان و لەوەڕگەی دەورووبەری پایگاکە خەساری بەرچاویان بەرکەوتووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەبلاو کراونەتەوە، هێزەکانی ئاگر کوژێنەوە خۆیان گەیاندووەتە ئەو پایگایە و توانیویانە ئاگرەکە کونتڕۆڵ بکەن.

لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا ژمارەیەک لەهیزەکانی سوپای پاسداران لەشوێنەکە حوزووریان هەبووە.

یەکێک لەدانیشتوانی شاری رەبەت لەپەیوەندیەکی تەلفوونیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاندووە، لەچەند مانگی رابردوودا هاتوچۆی سوپای پاسداران بۆ دەورووبەری شاری سەردەشت و رەبەت زۆر بەرچاو بووە.

دەوترێت کە هێزەکانی سوپای پاسداران سەرقاڵی نوێ کردنەوە و دانانەوەی کۆنە پایگاکانن.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لایەنە پەیوەندییدارەکان لە شاری سەردەشت و ئوستانی ورمێ هیچ هەڵوێستێکیان لە بارەی ئاگرکەوتنەوەکە لەخۆیان نیشان نەداوە.

لەماوەی چەند مانگی رابردوودا پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی سنووی شنۆ و پیرانشار جێگیر کراون و رێبەرانی ئەو حیزبە باس لە دەستپێکی چالاکی خەباتی چەکدارییەوە دەکەن.