پاوە/ پاش چەند ساڵ دەسدرێژیی جینسی مامۆستایەک ئاشکرا کرا

21:57 - 2 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: قوتابییەکی پۆلی شەشی قۆناخی سەرەتایی یەکێک لە گوندەکانی شارستانی پاوە، لەلایەن مامۆستاکەیەوە ئازار جینسی دراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مامۆستایەکی قوتابخانەی سەرتایی گوندی\"نەروی\'\' سەربە ناوچەی \'\'نەوسوود\'\'، بە درێژایی ساڵی خوێندنی (٩٤-٩٣) هەتاوی، دەسدرێژیی جینسیی کردووەتە سەر یەکێک لە قوتابییەکانی خۆی.

ئەو کچە تەمەن ١١ساڵەیە، لەلایەن مامۆستاکەیەوە لەمەڕ شاردنەوە و نهێنی راگرتنی ئەو دەسدرێژییە لە ژێر هەڕەشە و گوشاری دەروونیدا بووە.

هەواڵنێری کوردپا لە نەوسوود وێڕای پژڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، راگەیاند: ئەو مەسەلە بووەتە بابەتێکی چڕوپڕ لەنێو هاووڵاتییان و چالاکانی مەدەنیدا و خوزایاری پـێـڕاگەیشتنی خێرا و جیددی کرداری ناشایست و قیزەونی ئەو مامۆستایە بوون.

دانیشتوویەکی نەوسوود بە هەواڵنێری کوردپای وتووە: ئازاردانی جینسیی قوتابییانی سەرتایی لە چەند ساڵی رابردوودا لەلایەن ئەو مامۆستایەوە رووی داوە و لاوانی ناوچەکە بە بڵاوبوونەوەی ئەو بابەتە، تووشی تێکهەڵچوون لەگەڵ مامۆستای گوندی \'\'نەروی\'\' بەناوی \"ب. ف\" بوون و شووشەی ماشینەکەیان شکاندووە.

هەواڵنێری کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە رایگەیاند: ژمارەی ئەو منداڵانە کە دەسدرێژییان کراوەتە سەر لانیکەم شه‌ش کەسن کە ئەو بابەتەیان لەگەڵ خوشک و دایک و باوکیان باس کردووە.

ئەو مەسەلە، ناڕەزایەتی و نیگەرانیی دانیشتوانی ناوچە و بنەماڵەی قوتابییانی قوتابخانەی سەرەتایی گوندی \'\'نەروی\'\'ی لێکەوتووەتەوە.

مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ، دوو پەروەندە سەبارەت به ئازاری جینسیی منداڵان لەلایەن مەعاونی بەڕێوەبەری دوو قوتانخانەی شاری تاران، لە دادگای سزادان تاوتوێ کرا کە دەنگدانەوەی بەرینی لە میدیاکاندا لێکەوتەوە.

دانانی کامێرا لە قوتابخانەکان بۆ پێشگیری لەو چەشنە هەڵسوکەوتانە، لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانەوە پێشنیار کراوە.

ئەنجومەنی داکۆکیکاری مافی منداڵان، راگەیاندووە: رێژەی لەسەدا ١٢ هەتا ٣٥ی ژنان و لەسەدا ٤ هەتا ٩ی پیاوان لە ئێراندا، ئازاری جینسییان لە سەدەمی منداڵیدا ئەزموون کردووە.