پاش ٣٤ ڕۆژ، پزیشکی دادوەریی کرماشان گیانلەدەستدانی "ئاسیە پەناهیـ"ـی بە نەخۆشی دڵ ڕاگەیاند
پاش ٣٤ ڕۆژ لە گیانلەدەستدانی "ئاسیە پەناهی"، هاووڵاتیی کرماشانی کە لە کاتی ڕووخاندنی خانووەکەی گیانی لەدەست دا، پزیشکی دادوەریی پارێزگای کرماشان، گیانلەدەستدانی ئەو ژنە هاووڵاتییە کوردەی بە نەخۆشیی دڵ ڕاگەیاند.
"سەلیم خانی"، بەڕێوەبەری پزیشکی دادوەریی پارێزگای کرماشان لەوبارەیەوە ڕایگەیاند: "سەرەڕای هەستیاریی دۆسیەی گیانلەدەتسدانی ئاسیە و ئاکامی تاقیکارییەکان لە کەمتر لە ٢٠ ڕۆژدا، لە کۆتاییدا پزیشکی دادوەری گیانلەدەستدانی ئاسیەی بە نەخۆشیی دڵ ڕاگەیاندووە و هۆکاری مردنی ئەو ژنەش بە بەرپرسانی دادوەری ڕاگەیەندراوە".
ئاکامی تاقیکاریی پزیشکی یاسایی و وتەکانی "سەلیم خانی" سەبارەت بە گیانلەدەستدانی "ئاسیە پەناهی" لە کاتێکدایە کە پێشتر، "ڕەزا ساڵحی"، بەرپرسی بەسیجی زانکۆی ڕازیی کرماشان، سەبارەت بە گیانلەدەستدانی ئەو ژنە زانیارییەکی زیاتری خستبووە ڕوو و ڕایگەیاندبوو کە "ئاسیە پەناهی" لە ئەنجامی پڕژاندنی گازی فلفل و گازی فرمێسکڕێژی مەئموورانی شارەداریی کرماشان گیانی لەدەست داوە.
هەروەها، پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڕووخانی خانووی ئەو ژنە هاووڵاتییە کوردە و لێدانی لەلایەن مەئموورانی شارەداریی کرماشانەوە، بەرپرسانی شارەداریی کرماشان وێڕای ڕەتکردنەوەی ئازار و لێدانی ئەو ژنە، باسیان لە گیرۆدەبوونی "ئاسیە پەناهی" بە ماددەی سڕکەر کردبوو کە بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.
ڕێکەوتی ٣٠ بانەمەڕ، "ئاسیە پەناهی" تەمەن ٥٨ ساڵ، لەگەڵ نەوەکەی لەلایەن مەئموورانی شارەداریی ناوچەی ٣ی کرماشان، پاش ئازار و لێدانی، گیانی لەدەست دا.