پاش ١٧ ڕۆژ هێشتا چارەنووسی "هاجەر سەعیدی" ناڕوونە

12:25 - 3 پووشپەڕ 2720

"هاجەر سەعیدی"، چالاکی کۆمەڵایەتیی کوردی خەڵکی سنە کە لە بەندی نسوانی زیندانی ناوەندیی شاری سنەدایە، هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو ژنە چالاکە لە کاتی دەسبەسەریدا هەتا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی "سەعیدی"، هیچ زانیارییەک لەمەڕ دۆسیەی دەسبەسەرکردنی ئەو ژنە چالاکە لەبەر دەستدا نییە و ئەمەش نیگەرانیی بنەماڵەکەی لێکەوتووەتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی جۆزەردان، مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات بە هێرش کردنە سەر ماڵی ئەو ژنە چالاکە، بەبێ بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی جۆزەردان، ئەو چالاکەی مافی ژنان لە دەیەمین ڕۆژی دەسبەسەرکرانیدا بۆ بەندی "نسوانـ"ـی زیندانی ناوەندیی شاری سنە ڕاگوێزرابوو.