پارەی ئێران لە ڕیاڵەوە بوو بە تمەن

14:17 - 18 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: بە بڕیاری دەوڵەتی ڕوحانی سفرێک لە یەکەی دراوی ئێران کەم دەکرێتەوە و لە ڕیاڵەوە دەبێتە تمەن.

هەیئەتی دەوڵەتی یازدەیەمی کۆماری ئیسلامی لە دانیشتنی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٧ی سەرماوەزی خۆیدا گەڵاڵەی پێشنیاری بانکی ناوەندی لەمەڕ لابردنی سفرێک لە دراوی ڕەسمی ئێرانی پەسند کرد و بەم پێیەش یەکەی دراوی ئێران بریتی دەبێت لەگەڵ ١ تمەن.

پاساوی بانکی ناوەندی بۆ ئەم گەڵاڵەیە بریتییە لە کۆنتڕۆڵی هەڵاوسانی هەوسارپچڕاوی ئێران و کەمبوونەوەی توانایی یەکەی دراوی ڕیاڵ کە لە ئێستادا کاری پێدەکرێت.

جێبەجێ کردنی ئەم بریارەی دەوڵەت پێویستی بە تەئیدی مەجلیس و شۆرای نیگەهبان هەیە.

ئەم بڕیارە نوێیەی کابینەی یازدەیەم هەڵوێست و دژکردەوەی جۆراوجۆری کارناسانی ئابووری لێکەوتۆتەوە؛ بەشێک لە پشتیوانانی ئەم گەڵاڵەیە دەڵێن کەمکردنەوەی سفر لە دراوی \"میللی\" هیچ نەبێ تێچووی چاپی دراومان لە کۆڵ دەکاتەوە.

لەبەرامبەریشدا بەشێک لە کارناسانی ئابووری کە دژ بەم بڕیارەی دەوڵەت وەستاونەتەوە دەڵێن: بەسەرنجدان بە بارودۆخی نائاسایی و هەڵاوساوی ئابووری و سیاسی لە ئێران، جێبەجێ کردنی ئەم گەڵاڵەیە دەبێتە هۆی زیادبوونی ئاڵۆزییەکان و لەباتی قازانج، زیان بە ئابووری دەگەیەنێت.

سەعید لەیلاز لەمبارەوە دەڵێ: لابردنی سفر لە دراوی میللی، لە ئابوورییەکی سڵامەت کە دوور بێت لەو کێشە ئابوورییانەی ئێمە تووشی بووین دەتوانێ کاریگەری پۆزەتیڤی ڕەوانی دابنێت چوونکە هەستی بایەخداربوونی دراو ساز دەکات، بەڵام بۆ بارودۆخی ئێستای ئێمە نەگونجاوە؛ بەباوەڕی ناوبراو ئەوەیکە ئێستا پێویستە بکرێت ئازادکردنی ئابووری و لەوەش گرینگتر سازکردنی کەشێکی ئارام بۆ ئابوورییە کە لە ڕاستیدا ئەمانە پێشمەرجەکانی گەیشتن بە دەسکەوتی پۆزەتیڤی لابردنی سفری دراوەکانە کە لە ئێراندا نابیندرێت.

یەکەمین جار پێشنیاری گۆڕینی ڕیاڵ بۆ تمەن لەسەردەمی مەحمود ئەحمەدی نژاددا هاتە ئاراوە.

ئەم گەڵاڵەیە لە کاتێکدا چاوەڕوانی جێبەجێ کردنە کە ناوی ئێران هاوتەنیشت لەگەڵ وڵاتانیکی وەک ڤێنزۆئێلا، ئۆکراین، قێرقیزستان، ئەرمەنستان و جامائیکا لە بیاڤی ئابووریدا جێی گرتووە.