پارێزەرێک بۆ زیندانی وەکیلاوای مەشهەد ڕاگوێزرا

11:37 - 11 گەلاوێژ 2721

ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی گەلاوێژ، پارێزەرێک بە ناوی "جەواد عەلی‌کوردی" پارێزەری دادگوستەری و ئەندامی پێشووی شۆرای شاری سەبزەوار، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندانی وەکیلاوای شاری مەشهەد کرا.

ئەو پارێزەرە کوردە، پێشتر بە تۆمەتەکانی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام و دروستکردن و بەڕێوەبەریی گرووپێکی تێلێگرامی بە مەبەستی ڕووخاندنی نیزام" بە ٢ ساڵ زیندان لەلایەن لقی ٣٧ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای خوراسان مەحکووم کرابوو.

پاش دەرکردنی دادنامەی دادستانی لەلایەن لێپرسی لقی ٩٠٣ی دادسەرای ئینقلابی مەشهەد، لەسەر  بڕیاری دادوەر "مەنسووری" بەرپرسی لقی ٤ی دادگای ئینقلابی مەشهەد، ئەو پارێزەرە کوردە بە ٦ سآڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو کە دواتر لەلایەن لقی ٣٧ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای خوراسان، ئەو حوکمە  بۆ ٢ ساڵ کەم کرابووەوە.

پێشتریش جەواد عەلی‌کوردی، مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٩، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەشهەد دەسبەسەر کرابوو و زیاتر لە ٣٠ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیدا، ڕاگیرابوو.