وەشکەساڵی، داهاتووی ئێرانی بە بارمتە گرتووە

21:22 - 20 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: ناوەندێکی ئاڵمانی بە ناوی \"هایێنڕیش بوڵ\" و \"سماڵ مدیا\"ی بریتانیایی لە ڕاپۆڕتێکی ١٦٢ لاپەڕەییدا لە ژێر ناوی \"بەهەشتی لەکیس چوو\" باسێکی تێروتەسەلیان لە سەر بارودۆخی ئاو و ژینگەپارێزی لە ئێران، بڵاو کردووەتەوە.

دوو ناوەندی ئاڵمانی و بریتانیایی لە ڕاپۆرتێکی هاوبەشی لێکۆڵینەوەیی شیکاریدا، کێشەی قەیرانی ئاو و ژینگەپارێزییان لە ئێران، بە وتووێژ لەگەڵ کارناسان و بەرپرسانی دەوڵەتی و هەروەها ڕاپرسیەک کە لە ئێران کراوە، خستووەتە بەر باس و لێکۆڵینەوە و لە کۆتاییشدا ڕێکارەکانی چارەسەری ئەو کێشانەیان باس کردووە.

ئەو دوو ناوەندە لێکۆڵینەوەییە ئورووپاییە، لە سەرەتای ڕاپۆرتەکەدا نوسیوویانە؛\"گەورەترین هەڕەشە لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، نە سیاسی و نە ئابوورییە، بەڵکوو کێشەی ژینگەپارێزییە\".

لە بەشێکی ئەو ڕاپۆرتەدا سەبارەت بە کێشەی ئاو هاتووە؛ \"وڵاتی ئێران لەمێژە تووشی قەیرانی ژینگەپارێزی هاتووە، کە بە نۆرەی خۆی بەستێنەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی قەیران خۆڵقێنن و کاریگەرییان لەسەر ژینگە دەبێت\".

بەپێی ڕاپۆرتی هاوبەشی ئەو دوو ناوەندە؛ سەرەڕای ئەوەیکە ئێران یەکێک لە دگمەن وڵاتانی جیهانە کە لە یاسای بنەڕەتیی وڵاتەکەیدا ئاماژەی بە پاراستنی ژینگە کردووە و یاساگەلێکی زۆری لەو بارەوە پەسەند کردووە، بەڵام بە هۆی دابەش کردنی بەرپرسایەتی لە نێوان ناوەندە جۆراجۆرەکان و نەبوونی هاوئاهەنگی لە نێوان ئەو ناوەندانەدا، دەگەینە ئەو ئەنجامە کە چارەسەری ژینگەپارێزی لە ئێران زۆر لاوزە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لە کۆماری ئیسلامی‌دا ئەو ناوەندانەی کە بەرپرسایەتی ژینگەپارێزیان لە ئەستۆدایە، بۆخۆیان یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی لەناوچوونی ژینگەپارێزین.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها پرژاوەتە سەر دوایین ڕاپرسی لە ئێران سەبارەت بە قەیرانی ژینگەپارێزی لەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠١٦ زایینیدا، ژمارەی ئەو کەسانەی کە داهاتووی ئێران بە سرنجدان بەبارودۆخی ژینگەپارێزی بە \"زۆر جێی نیگەرانی\" هەڵسەنگاندووە، لە سەدا ١٨ بووە و لە سەدا ٤٨.٣ یش دڵنیا نین ئەو کێشانە بتوانن لە داهاتووی ئێراندا شوێندانەر بن، و ٢٤.٨ یش نیگەرانی داهاتوون.

کۆتایی ئەو ڕاپۆرتە ١٦٢ لاپەڕەییەدا، بە هێندێک ڕێنوێنی بۆ کۆماری ئیسلامی و ڕێکخراوە نا دەوڵەتییە چالاکەکان لە بواری ژینگەپاریزی و میدیاکان کۆتایی پێهاتووە و داوا لە دەوڵەت دەکات هاوکاریی خۆی لەگەڵ ئەو ناوەندە ناحکوومەتیانە پەرە پێ‌بدات بۆ ئەوەی بتوانن بە کەڵک وەرگرتن لە دونیای مەجازی و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، پێش بە قەیرانی ژینگەپارێزی لە ئێران بگرن.