نیگەرانیی ٢٥ ڕێکخراوی مافی مرۆیی سەبارەت بە کەڵکوەرگرتنی ئامرازیی حکوومەتی ئێران لە سەفەری جێگری کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ندا ئەلنەشیف بۆ تاران

22:16 - 10 رێبەندان 2723

٢٥ ڕێکخراوی مافی مرۆیی ئەندام لە ئیمپەکت ئێران، سەبارەت بە کەڵکوەرگرتنی شانۆیی حکوومەتی ئێران لە سەردانی جێگری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ، نیگەرانییان دەربڕی.

ڕۆژی ٩ی ڕێبەندان، چوار بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی قزلحسار لە سێدارە دران و هەموو ڕۆژێک مەترسیی لەسێدارەدان، هەڕەشە لە گیانی بەندکراوانی سیاسی دەکات.

لەحاڵێکدا کە شەپۆلی بەربڵاوی قەتڵە حکوومەتییەکان وەکوو لەسێدارەدان لە مانگەکانی ڕابردوودا بێوێنە بووە و تاکوو ئەمڕۆ حکوومەتی ئێران بە سەرنجنەدان بە هەموو کەمپەینەکان و داواکارییە نێونەتەوەییەکان بۆ وەستاندنی کوشتاری بەندکراوانی سیاسی، درێژەی بە لەسێدارەدانی دژبەران داوە، ڕێکخراوە مافی مرۆییەکانی ئەندام لە ئیمپەکت، سەبارەت بە کەڵکوەرگرتنی حکوومەتی ئێران لە سەردانی جێگری کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان،  نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە.

ئەم ناوەندە مافی مرۆییانە لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕوو لە کۆمیساری باڵای مافی مرۆڤ ڕایانگەیاندووە:
"ئێمە وێڕای ئاگاداربوون لە بایەخی وتووێژ و پێوەندی، بە پێویستی دەزانین سەبارەت بە کاریگەرییەکانی سەفەری جێگری کۆمیساری باڵای مافی مرۆڤ نیگەرانیی خۆمان دەربڕین.

ئێمە دەتوانین بە سەرنجدان بە ئەزموونەکانی ڕابردوو،  پێشبێنیی ئەوە بکەین کە بەرپرسانی ئێرانی هەموو توانای خۆیان دەخەنە گەڕ تاکوو لە ڕێگەی پێوەندیی فەرمیی خۆیان لەگەڵ نووسینگەی ئێوە، لە ڕاستای پڕوپاگەندەیەک بۆ لاوازکردنی پشتیوانی لە مێکانیزمەکانی چاوەدێری، لێکۆڵینەوە و ڕاپۆرتدانەوە کە زۆر گرینگن و لەلایەن شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پێکهێنراون، کەڵک وەربگرن.

بە سەرنجدان بەوەی کە حکوومەتی ئێران تاکوو ئەمڕۆ هیچ جووڵەیەکی سیاسیی لەپێناو گۆڕینی دۆخی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران نیشان نەداوە ئێمە نیگەرانین کە لە دۆخی ئێستادا کە سەرکوتکارییە مەرگهێنەرەکان لەلایەن حکوومەتەوە بە سەر بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا سەپاوە و ڕۆژانە هەڵاواردنە یاساییەکان دژی ژنان زۆرتر دەبنەوە، هیچ دەسکەوتێکی ئەرێنیی بەدواوە نابێت،"