وەزیری ئیتلاعات: جم وجولی گرووپەكانی"زەدی ئینقلاب" لە ژێر چاوەدێریماندایە

15:25 - 28 رەزبەر 2711
كوردپا: حەیدەر موسڵحی وەزیری ئیتلاعاتی حكوومەتی ئیسلامی ئێران رایگەیاند، چكووڵەترین جموجولی نیزامی چەكدارەكانی زەدی ئینقلاب لە ناوچە سنوورییەكان لە ژێر چاوەدێری ئێمە دایە.
هەواڵدەریی فارس لە زاری حەیدەر موسڵحیەوە بڵاوی كردەوە، وەزارەتی ئیتلاعات هەموو هەوڵەكانی خۆی بۆ پاراستنی ئەمنیەت و ئاسایش لە ناوچە سنوورییەكان وەگەڕ خستووە بە چەشنێك كە هەر چالاكیەكی نیزامی گرووپەكانی مونافق و زەدی ئینقلابی دەرەوەی ئێران، لە ژێر كونترۆل و چاوەدێری ئێمەدایە.
موسڵحی كە لە كۆڕی هەواڵنیرانی شاری كرماشاندا قسەی دەكرد وتیشی، وەزارەتی ئیتلاعات زۆربەی هەوڵەكانی بۆ پێشگری لە دزەی گرووپە چەكدارەكان لە ناوچەی كرماشاندا چڕ كردۆتەوە.
حەیدەر موسڵحی ئاشكراشی كرد، هەر چەندە ئەو پێشگیریانە دەبێت لە ئەستۆی هێزی ئینتزامی بێت، بەڵام وەزارەتی ئیتلاعات بە ناچاری جێبەجێ‌ دەكات.
بە وتەی وەزیری ئیتلاعات، هەر چەشنە هەوڵ و چالاكییەك كە ئەمنیەتیی پارێزگای كرماشان بخاتە بەر مەترسیییەوە ئەوە هەڵسوكەوتی توندی لەگەڵ دەكەن.
موسڵحی لەوباوەڕەدایە، گرووپەكانی زەدی ئینقلاب و مونافق بە هیچ شێوەیەك ناتوانن لە ناوچەكەدا كیشە درووست بكەن.
پێشتریش ئەو لێپرسراوەی حكوومەتی تاران ئاشكرای كردبوو، گرووپەكانی زەدی ئینقلاب لە رێگای ئەو راگەیاندنانەی كە لەبەر دەستیان دایە دیانهەوێ‌ بە درووست كردنی شەری رەوانی و كار كردن لەسەر بیری ئیسلامی قوتابیان و خویندكاران، ئەوان بە لارێدا ببن.
بەوتەی موسڵحی، سەربازانی بێ‌ ناوی ئیمامی زەمان لە هەوڵی دزە كردنە نێو گرووپەكانی زەدی ئینقلاب و مونافق دان و هەتا لەو رێگایەوە بتوانن لە ناویان بەرەن.