وەزیری نەوت: بۆ فرۆشی نەوتی ئێران هیچ كێشەیەك لە گۆڕێدا نیە

21:09 - 22 خاکەلێوه 2712
كوردپا: رۆستەم قاسمی، وەزیری نەوتی حكوومەتی ئێسلامیی ئێران رایگەیاند، گەمارۆكانی یەكیەتیی ئورووپا و ئەمریكا كاریگەرییان لەسەر هەناردەی نەوتی ئێران بۆ دەرەوە نەبووە.

قاسمی وتیشی: ئێمە هیچ كێشەیەكمان بۆ فرۆشتنی نەوت نیە و هەر وەكوو جاران لە هەناردە كردنی نەوت بەردەوامین.

هەر لەو پێوەندییەدا رێكەوتی 22‌ی خاكەلێوە وڵاتی ئیسپانیاش چووە ریزی ئەو وڵاتانەی كەلە چەند مانگی رابردووە هەتا ئێستا هاوردەی نەوتیان لە حكوومەتی ئیسلامیی ئێران كەم كردۆتەوە.

ئەم لێدوانانەی وەزیری نەوتی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە حاڵێك دایە كە چەندین وڵاتی وەكوو بێلژیك، كۆماری چێك، فەرانسە، ئاڵمان، ئیتالیا، ژاپۆن، هۆلەند، لێهێستان، بریتانیا، مالزی، توركیە، ئافریقای باشوور، سریلانكا، ژاپۆن و یوونان، هاوردەی نەوتیان لە ئێران كەم كردۆتەوە.

لە هەمان كاتیشدا وڵاتانی چین، هێند و كورەی باشوور هەتا ئێستا كڕینی نەوتیان لە ئێران كەم نەكردۆتەوە.