وەزیری ئابوریی: کێشە سیاسییەکانمان ناهێڵن کێشە ئابورییەکان جارەسەر بن

15:51 - 5 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: وەزیری ئابوریی حکومەتی ئیسلامی ئێران دەڵێ پڕۆژە گەورە ئابورییەکانمان بەهۆی کێشە سیاسییەکانەوە لە پەراوێز دەخرێن و ناچنە بواری جێبەجێ کردنەوە.
عەلی تەیێب نیا لە کۆڕی سیاسەتی ئەرزی و دراودا ڕایگەیاند چەند نیگەرانی گەورە لە ڕێگەی وەدیهێنانی ئامانجە ئابورییەکانمان بوونی هەیە کە گرینگترینیان بریتین لە بوونی کێشە و ناکۆکی قوڵی سیاسی و باندی، نەبوونی متمانە، کێشەی دارایی، قەرزە زۆرەکانی دەوڵەت و قەتیس مانەوەی سەرمایە و داراییەکانی وڵات.

ناوبراو لە شیکردنەوەی نیگەرانی یەکەمیدا دەڵێ: کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان باند و لایەنە سیاسییەکان وای کردووە کە پرسگەلی ئابوریی وڵات بکەونە پەراوێزەوە و خۆماندووکردنیش بە پڕۆژە کەڵانە ئابورییەکان بێ ئەنجامن.

تەیێب نیا ڕوو لە بەرپرسانی حکومەتی دەڵێ: تەنیا ڕێگەچارەی زاڵ بوونی بەسەر کێشە ئابورییەکان بریتییە لە یەکگرتوویی فکری – سیاسی و درک کردن بە بوونی کێشەیەکی هاوبەش و دۆزینەوە و پیادەکردنی سیاسەتێکی ئابوریی سەردەمیانە؛ دواتریش بە پاڕانەوەوە داوا لە هەموو باند و تاقمەکان دەکات کە نەهێڵن ڕووداوەکانی هەڵبژاردن و پەراوێزەکانی لەمپەڕ بخەنە بەردەم گەشەی ئابوریی.

ئەم قسانەی وەزیری ئابوریی لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە ماوەیەک پێش ئێستا ڕۆژنامەی ئیندێپێندێت لە شڕۆڤەیەکدا باسی لە دۆخی شپرزەی ئابوریی ئێران کردبوو و بۆ وێنە باسی لە هەڵاوسان لە ئێراندا کردبوو کە بە نیزیک بە 30%ی خەمڵاندبوو و ڕۆژنامەکانی ئێرانیش دۆخی شپرزی ئابوریی ئێرانیان بە \"مرگ مغزی\" شوبهاندووە کە تێیدا دەرەتانی کارکردن و سەرمایەدانان بوونی نییە و وەک \"حسەین ڕاغفەر\" دەڵێ: ئابوریی ئێران تووشی کۆمەڵێک بەلاڕێداچوونی بناغەیی بۆتەوە و ئەم کەمایەسییە پێکهاتەییانە وای کردووە ئابوریی ئێران نەتوانێ خۆی لەگەڵ پارامێترەکانی ئێستای دنیای ئابوریی بگونجێنێ و ڕێفۆرم لە خۆیدا پێک بێنێ.