وەزارەتی ئیتلاعات ڕێگریی لە ئازادکردنی زیندانییەکی سیاسیی کورد کرد

10:11 - 20 رەزبەر 2720

دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێران حوکمی ئازادکردنی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ورمێ، بە ناوی "محەممەد پەتاشی" کوڕی "محەممەد کەریم" خەڵکی گوندی "قەمتەرە"ی شاری پیرانشاری دەر کرد، بەڵام وەزارەتی ئیتلاعات لەگەڵ ئازادکردنی ئەو زیندانییە سیاسییە دژایەتیی کرد.

ئەو هاووڵاتییە لەلایەن دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٧ ساڵ زیندان مەحکووم کرا و ئەو حوکمەش ڕێکەوتی ٣٠ی بەفرانباری ساڵی ٩٧ کە لە زیندانی ورمێدا بوو، بەو زیندانییە سیاسییە ڕاگەیەندرا و ئەو حوکمەش لە دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کرابووەوە.

"محەممەد پەتاشی" ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٦، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئەو ناوەندە ئیتلاعاتییە کرابوو و ڕۆژی سێشەممە ٩ی گەلاوێژی ٩٧ بۆ تەواوکردنی قۆناغی لێپرسینەوەکەی بۆ ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە پیرانشار ڕاگوێزراوە.

ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا "لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کرابوو.