وەزارەتی ئیتلاعات هاووڵاتییەکی کوردی لە ناوچەی شنۆ دەستبەسەر کرد

13:00 - 21 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی خەڵکی ناوچەی شنۆ، کە لە هەرێمی کوردستان سەرقاڵی کار کردن بوو، پاش گەڕانەوە بۆ شاری شنۆ لەلایەن مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامییەوە بێسەروشوێن کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، محەمەد قەسیم فیوزی، کوڕی مەلا رەسووڵ و خەڵکی گوندی (بێمزوورتێ)ی سەربە شارستانی شنۆ، کە بۆ ماوەی دوو ساڵ بوو لە شاری هەولێر کاری دەکرد، پاش گەڕانەوەی بۆ شاری شنۆ، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، دوو مانگ پێش ئێستا بە مەبەستی سەردانی کەسوکاری گەڕاوەتەوە بۆ زێدی خۆی و لە ئەنجامدا هێزە ئیتلاعاتییەکان دەستبەسەر و بێسەروشوێنیان کردووە.

دەگوترێ هێزە ئیتلاعاتییەکان چوونەتە ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە و لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەریان کردووەو لەگەڵ خۆیاندا بردوویانە.

هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەرکرانی محەمەد قەسیم فیوزی، تەمەن ٤٠ ساڵی خەڵکی بێمزوورتێ لە ناوچەی شنۆ بۆ ئاژانسی کوردپا روون نەبۆتەوەو هیچ هەواڵێکیش لە چارەنووسی نیە.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆماركراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئاماری دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان لەلایەن هێزە نیزامی و ئیتلاعاتییەکانەوە لە سەرەتای وەرزی زستانەوە هەتا ئێستا، گەیشتۆتە ١٤ کەس.

بەپێی ئاماری کوردپا، زۆربەی ئەو کەسانەی کە لە وەرزی زستانی ئەمساڵدا دەستبەسەر کراون، هەتا ئیستا لە دەستبەسەریدا ماونەتەوە.