وەرزشوانێکی کورد رێکوردێکی نوێ تۆمار کرد

14:54 - 1 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: وەرزشوانێکی لاوی خەڵکی شاری مەهاباد بە بردنەوەی سێ میداڵی زێڕ لەپاڵەوانیەتییەکانی وەزنەبەرداری لەئێران، وەکوو \" پدیدە وزنەبرداری\" ناودێڕ کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەحمەد ئەحمەدنژاد، خەڵکی شاری مەهاباد توانی لەرکابەرییەکانی وەزنەبەرداریدا لە کێشی ٦٩کێلودا، دوو رێکورد بە ناوی خویەوە تۆمار بکات.

ئەو وەرزشوانە کوردە توانی لەو پاڵەوانیەتییەدا وەزنەی ١٣٢ کیلۆیی هەڵبگرێت، ئەو رێکۆردە پیشتر بە ناوی کیانووش رۆستەمییەوە تۆمار کرابوو.

ئەحمەد ئەحمەدنژاد تەمەنی ١٥ساڵە و لەتەمەنی ٧ساڵیەوە بە شێوەی فەرمی دەستی بە چالاکی لەو بوارەدا کردووە.

سەرپەرەستی هەیئەتی وەزنەبەرداریی شاری مەهاباد لەو بارەیەوە بە ماڵپەڕی ئیرنای وتووە، ئەو وەرزشوانە کوردە سەرجەم توانیویەتی ٢٨٥ کێلۆ وەزنە لێبدات، ئەو ریکۆردە پیشتر بەناوی حەمید مەلەکییەوە تۆمار کرابوو.

پاڵەوانیەتی هەڵگرتنی قورسایی بۆ ماوەی سێ رۆژ و بەشداری ٢٠٣ وەرزشوان کە لە ٣٠ ئوستانی ئێران هاتبوون لەشاری سنە بەڕێوەچوو بە پاڵەوانیەتی ئوستانی مازندەران کۆتایی پێهات.