وەرزشوانێکی بۆکانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

11:11 - 28 گەلاوێژ 2720

ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی گەلاوێژ، وەرزشوانێکی کورد بە ناوی "واحید ئیبراهیمیان" کوڕی "محەممەدئەمین"، خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی دادوەری هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە و دواتر ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

هەروەها هێزە ئەمنییەتییەکان پاش پشکنینی ماڵی ئەو هاووڵاتییە، دەستیان بەسەر هەندێک کەرەستەی کەسیی ئەو وەرزشوانەدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێئاکام ماوەتەوە و هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک لەو پەیوەندییەدا خۆیان دەبوێرن.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی ‌وەپاڵدراوی ئەو وەرزشوانە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

"واحید ئیبراهیمیان" لە ڕشتەی کیک بوکسینگ چالاکی دەکات و هەتا ئێستا چەندین خەڵاتی قارەمانیەتیی بەدەست هێناوە.

ناوبراو خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵە.