وێنەگرانی کورد، مەینەتیی منداڵانی کۆبانی پیشانی وڵاتانی ئورووپایی ئەدەن

21:25 - 16 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک وێنەگری کوردی خەڵکی بەشە جیاجیاکانی کوردستان بە ئامانجی نیشاندانی ئازار و مەینەتیی منداڵانی کوردی شەنگال و کۆبانی، لە چەند وڵاتێکی ئورووپاییدا پیشانگەی وێنەگری دەکەنەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٩ وێنەگری کورد و بیانی لە پیشانگەیەکدا، وێڕای پیشاندانی ئازار و مەینەتیی منداڵە ئاوارەکانی شنگال و کۆبانی، یارمەتیی ماڵیش بۆ منداڵانی ئاوارەی ئەو دوو شارە کوردنشینە کۆدەکەنەوە.

سەلاح نادری خەڵكی شاری مەهاباد، هاوار مورادی، هیوا عەباسی، ئاڵا ریانی، میدیا، ماریا شیخ ئاقایی، ئەمجەد ئاچیت، تیمۆتی فادیک، ئانا ئاپۆلۆنیا والچزیک وێنەگرانی بەشدار لەو پیشانگەیەدان.

\"25831.jpg\"
٩ وێنەگری کورد و بیانی لە پیشانگەیەکدا بۆ منداڵانی ئاوارەی شەنگال و کۆبانی کۆدەکەنەوە
ئەو پشیانگەیە رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٠ی خاکەلێوە لە مۆزەوخانەی \"قەوم نگاری\"ی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی لەهیستان (پۆڵندا) دەکرێتەوە و هەتا رۆژی هەینی رێکەوتی ١١ی بانەمەڕ بەردەوام دەبێت.

هەروەها بڕیارە ئەو پیشانگەیە لە وڵاتانی هولەند، ئینگلیز و دانمارکیش بەڕێوە بچێت و کەسانێکیش کە سەردانی پیشناگەکە دەکەن، دەتوانن یارمەتیی ماڵی پێشکەش بە منداڵانی شەنگال و کۆبانی بکەن.

(ماریا و ئانا) دوو کەس لە وێنەگرانی بەشداری پیشانگەکە، بەڕێوەبەریی ئەو پیشانگەیان لە ئەستۆیەو هەروەها راشیانگەیاندووە: ئەو کەسانەی خوازیاری سەردانی پیشانگەکەن، پێویستە لەپێشدا بلیت بکڕن.

ئەو دوو ژنە هونەرمەندە، ئامانجی خۆیشیان لە فرۆشتنی بلیت بەو کەسانەی کە سەردانی پیشانگەکە دەکەن، بۆ کۆکردنەوەی یارمەتیی زیاتر بۆ منداڵانی لێقەوماوی شەنگال و کۆبانی گەڕاندۆتەوە.