وێبینارێک لەسەر پرسی سەرکوتی چالاکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو

17:38 - 25 سەرماوەز 2720

هاوکات لەگەڵ ٧١ـەمین ساڵوەگەڕی جاڕنامەی گشتیی مافەکانی مرۆڤ و خستنەدەنگدانی بڕیارنامەیەک لە کۆڕی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک لەسەر پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، ڕۆژی دووشەممە ١٤ی دێسامبری ٢٠٢٠ هاوپەیمانیەتیی "ئیمپەکت ئیران" کە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان- ژنێڤ یەکێک لە ئەندامانی پێکهێنەریەتی، وێبینارێکی بەڕێوە برد.

کۆنفڕانسەکە لەسەر پرسی سەرکوتی تێکۆشەرانی مافی مرۆڤ لە ئێران بە بەشداریی دوو ڕێپۆرتێری نەتەوەیەکگرتووەکان، "جاوید ڕەحمان" بۆ پرسی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و خاتوو "ماری لاولۆر" بۆ پرسی سەرکوتی تێکۆشەرانی مافەکانی مرۆڤ و هەروەها چەندین چالاکی ناسراوی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بەڕێوە چوو.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان – ژنێڤ، وتارێک لە سەر پرسی سەرکوتی چالاکانی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان و هەروەها پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان پێشکەش کرد.

دەقی وتارەکەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان – ژنێڤ کە لەم کۆنفڕانسەدا پێشکەش کراوە، بەم چەشنەیە:

به‌ڕێزان!

سەرەتا، زۆر سپاس بۆ ڕێکخستنی ئەم کۆنفڕانس ــ وێبینارە و جێگای خۆشحاڵییە بۆ ئێمە، لێرە بەشدار دەبین و دەتوانین تیشک بخەینە سەر هەندێک لەو بەرهەڵست و ئاڵنگارییانەی کە تێکۆشەرانی گەلی کورد و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان، ڕووبەڕووی دەبنەوە لە کۆماری ئیسلامی ئێران.

دیارە بەداخەوە، ستەم و سەرکوت و توندوتیژی دژی تێکۆشەرانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان، بەشێکی سەرەکیی باسیی ئەوڕۆیە.

بەڵام پێش تیشک خستنە سەر هەندێک لەو پێشێلکاری و ئاڵنگارییانە، پێم خۆشە کورتە باسێک پێشکەش بکەم لەسەر ڕەوشی ستەم دژی گەلی کورد، چونکە سەرکوت لە کوردستان باشترین وێنەی سەرکوت دژی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە تەواوی ئێران نشان دەدات.

دیارە بۆ ئێمە گرینگە کە ئەو ڕاستییە بخەینە بەرچاو کە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەئایینە و پێکهاتووە لە هەندێک نەتەوەی گەورە وەک: کورد، فارس، بەلووچ، تورکمەن، ئازەری و عەرەب، بەڵام سیستمی دەسەڵاتداری تەنیا لەسەر سیاسەتی یەک وڵات، یەک نەتەوە، یەک زمان و یەک مەزهەب بەڕێوە دەچێت.

سەرچاوە و سیاسەتی سەرکوت و توندوتیژی دژی گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی ئێران دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دروستبوون و ماهییەتی  کۆماری ئیسلامی.

لە ١٩ی ئاگۆستی ١٩٧٩، ئایەتوڵڵا خومەینی، لە ڕاگەیندراوێکی ئاگرین و دژی ئینسانیدا، فتوایەکی ئیسلامی دژی گەلی کورد دەر کرد و خەڵکی کوردی وەک دژەئیسلام و دژەشۆڕش ناوزەد کرد. ئەوەش تەنیا بە خاتری داواکارییە ڕەواکانیان بۆ دامەزراندنی وڵاتێکی دێموکرات و سێکولار لە ئێران. لەو ڕێکەوتەوە، کوردەکانی ئێران قوربانیی هەموو وتار و سیاسەتی توندوتیژیی کۆماری ئیسلامی و میدیاکانی ئێرانن و لە هەر بەشدارییەکی سیاسی و گشتیی وڵات بێبەشن و وەک دوژمن سەیر دەکرێن.

لە کرداردا، زیاتر لە ٥٠ لەسەدی زیندانییانی سیاسیی ئێران کوردن و کۆماری ئیسلامی، سیاسەتی سەرکوتی دژی گەلی کورد بە گوتاری توندوتیژ و نفرەتهێنەر تەوجیهـ دەکات. دیارە، هەموان دەزانین کە پێش ئەنجامدانی ترسناکترین کۆمەڵکوژی و ژینۆسایدەکانی ئەم سەدەیە، ستەمکاران، کەڵک لە گفتمانی نفرەتهێنەر و توندوتیژ وەردەگرن. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ ، زیاتر لە ٥٠٧ هاوڵاتیی کورد زیندانی کراون و ١٣٨ کەسیان بە زیندانیی درێژخایەن بە تاوانی ناڕاستی مەترسی لەسەر ئەمنییەتی میلـلی مەحکووم کراون لە کاتێکدا، ئەوان تەنیا تێکۆشەری مافە مەدەنی و سیاسییەکانی گەلی کوردن.

بۆ وێنە، خاتوو "زارا محەممەدی" مامۆستای دڵخوازی زمانی کوردی، بە ١٠ ساڵ زیندان مەحکووم کراوە، بەڵام  تەنیا تاوانی ئەو، وتنەوەی وانەی زمانی کوردییە.  لە کاتێکدا، کۆماری ئیسلامی سەرکوت و سەرکۆنەی زمان و تێکۆشەرانی کولتوری کورد دەکات، دەوڵەتی ئێران، لە بودجەی ساڵی ٢٠٢١، ٤٦ میلیارد تمەنی تەرخان کردووە بۆ ناوەندی کولتوری زمانی فارسی. وەک هەمووان دەزانن، زمانی فارسی، زمانی ئیداری و فەرمی و هەروەها زمانی خوێندنە. ئەوەش نموونەیەکی زیندووی سیاسەتی سەرکوت و هەڵاواردنی کۆماری ئیسلامییە دژی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە ئێران.

هەروەها، زۆر پێویستە باسی ئەوە بکەم کە زیاتر لە ٥٥ لەسەدی کۆی ئێعدامە سیاسیەکان لە ئێران کوردن، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠، ٧ زیندانی سیاسی لە ئێران لە سێدارە دراوە، کە چواریان بەڕێزان "هدایەت عەبدوڵڵاپوور"، "مستەفا سەلیمی"، "سابیر شێخ عەبدوڵڵا" و "دیاکۆ ڕەسووڵزادە" بوون. ئەمە لە کاتێکدایە کە خەڵکی کورد تەنیا ١٣ لەسەدی خەڵکی ٨٠ ملیۆنیی ئێران پێک دەهێنێت.

هەروەها لە سەرەتای ساڵەوە، دادگای باڵای ئێران سزای لە سێدارەدانی بۆ ١٠ زیندانیی سیاسی وعەقیدەتیی کورد پشتڕاست کردووەتەوە و لە مەترسیی جیددی لە سێدارە دان. هەر لەو ماوەیەدا، ٢٢٥ هاووڵاتیی کۆڵبەری کورد بوونەتە قوربانیی کوشتنی وەحشییانە و هەڕەمەکیی دەوڵەتی ئێران.

پێش کۆتایی هێنانی باسەکەم، بە پێویستی دەزانم کورتە ئاماژەیەک بکەم بە دەستووری بنەڕەتیی ئێران کە دەستوورێکی دژە پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان، دژە ژن و دژە منداڵە.

سەرەتا، خوێندنەوەی دەستووری ئێران ئەشکەنجەی ڕۆحییە، مادەی ١ شتێک دەڵێت و مادەی ٢ ڕەتی دەکاتەوە. بۆ وێنە بەپێی مادەی ١٩ی دەستووری بنەڕەتیی ئێران، هەموو ئێرانییەکان، بێ لە بەرچاوگرتنی پەیوەندیی ئیتنیکییان، وەک یەک، لە هەموو مافێک بەشدار دەبن.

بەڵام مادەکانی ١، ٤، ١٢ و ١٥ ی هەمان دەستوور دەڵێت کە تەنیا مەزهەبی شیعەی ١٢ ئیمامی، مەزهەبی فەرمیی وڵاتە و دەبێ هەموو یاساکان لە سەر ئەساسی مەزهەبی شیعە بێت و تەنیا زمانی فارسی، زمانی ڕەسمیی وڵاتە.

لە ئەنجامدا، دەتوانین بڵێن کە ئەندامانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان بە تایبەت کورد، بەلووچ و بەهایی لە هەر چەشنە بەشدارییەکی سیاسیی وڵات بێبەشن. لە چوار دەیەی ڕابردوودا، هیچ هاوڵاتییەکی کورد یا بەلووچ یا بەهایی، هیچ پۆستێکی گرینگی لە دەوڵەتی ناوەندی بەر نەکەوتووە و تەنانەت ڕێگە نەدراوە هاوڵاتییەکی کورد ببێت بە یەکێک لە پارێزگاری چوار پارێزگاکانی کوردستان.

لە کۆتاییدا، ئیجازەم پێ بدەن کە لەم دەرفەتە کەڵک وەربگرم و سپاسی بەڕێز "جاوید ڕەحمان"، نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئێران، دەفتەری کۆمیساریای بەرزی مافەکانی مرۆڤ و هاوکارانم لە هاوپەیمانی "ئیمپەکت ئیران" بکەم بۆ تیشک خستنە سەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە ئێران.

لەگەڵ ڕێز

تەیموور ئەلیاسی

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان- ژنێڤ