وڵام نەدانەوەی سکاڵای چالاکانی سیاسیی کورد لەلایەن ناوەندەکانی حکوومەتییەوە

13:36 - 12 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: چەند رۆژ پێش لە ئێستا، چەند چەکدارێکی نەناسراوە هێرشیان کردووەتە سەر هاووڵاتییەکی کوردی خەڵكی گوندی \"کۆنە‌قەڵا\" سەر بە شاری شنۆ بە ناوی \"رەحمان فتووحی\" و بێ‌حورمەتی و سووکایەتیان پێکردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە پاش ئەو رووداوە، رەحمان فتووحی شکایتی خۆی بردووەتە ناوەندە پەیوەندییدارەکانی حکوومەتی ئێران، بەڵام هەتا ئێستا هیچ ولامێکیان بەو هاووڵاتییە کوردە نەداوەتەوە.

\"28310.jpg\"
رەحمان فتووحی پێشتر بە هۆی هاوکاری کردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ماوەیی ١٨مانگ زیندانی مەحکووم کرابوو
سەرچاوەی ئاگادار و نزیکانی ئەو هاووڵاتییە کوردە لەسەر ئەو باوەڕەدان، ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە بیانووی ئەوەی کە رەحمان فتووحی پیشینەیەکی سیاسی هەیە لە بەدواداچوون بۆ پەروەندەکەی خۆ دەبوێرن.

دەوترێت، رەحمان فتووحی لە ماوەی ساڵەکانی ١٣٧١و ١٣٧٢ی هەتاوی بە هۆی هاوکاری کردن لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ماوەیی ١٨مانگ زیندانی مەحکووم کرابوو.

دانیشتووانی خەڵکی گوندی \"کۆنە قەڵا\" دەلێن: ئەگەری ئەوەی هەیە ئەو کەسانە سەر بە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بن، چوونکە ناوەندە پەیوەندییدارەکانی حکوومەتی ئیسلامی هیچ هەوڵێک بۆ بەدواداچونی پەروەندەی رەحمان فتووحی نەداوە.