وڵاتی ئێران ٦ ملـوێن بێـکاری هەیە

22:01 - 18 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسێکی دەوڵەتی حەسەن رۆحانی باسی لە بێکاریی چەندین ملوێن کەس لە وڵاتی ئیراندا کردووە، کە بە وتەی ناوبراو، بێکاری لە وڵاتی ئیراندا \"بۆتە سەرەکی‌ترین کێشەی نێوخۆیی\".

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هەنووکە ٦ ملوێن بێکار لە وڵاتی ئێراندا هەن و زۆربەیان ئەو کەسانە پێکی دینن، کە خوێندنی زانکۆیان تەواو کردووە.

وەزیری کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە مەجلیسی ئیسلامی دوایین ئاماری بێکاریی ئاشکرا کردووەو رایگەیاندووە؛ \"ئاماری بێکاری زۆر خراپە و بە دڵنیاییەوە ئەم مەسەلەیە تووشی کێشەمان دەکات\".

عەلی رەبیعی سەبارەت بە کێشەی بێکاری لە وڵاتی ئێران رایگەیاندووە؛ \"ئەگەر بۆ چارەسەریی کێشەی بێکاری پلانڕێژییەکی دروست نەکرێت، لە ماوەی ٧ ساڵی داهاتوودا ئاماری بێکاری لە ئێران بۆ ١٠ ملوێن کەس زیاد دەکات\".

\"21984.jpg\"
وەزیری کار دەوڵەتی رۆحانی
باس کردنی وەزیری دەوڵەتی رۆحانی لە پلانڕێژی و رەخساندنی هەلی کار، لە کاتێکدایە کە بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی کێشەی بێکاری و رەخساندنی هەلی کار، پێویستە لە هەر ساڵێکدا ئابووریی ئێران لەسەدا ٧ گەشە بکات، بەڵام ئەم رێژەیە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا لە ژێر سیفردا بووە.

عەلی رەبیعی، گەڵاڵەی وامی بێکاری، نووسینگەی کاری ناو ماڵی بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی بێکاری، بەبێ کەڵک لەقەڵەم داوە.

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە، رو ولە مەجلیسی ئیسلامی گوتوویەتی، لەسەدا ٤٠ی حەشیمەتی بێکار لە وڵاتی ئێران ژنان پێکی دینن.

بەپێی ئەو لیکۆڵینەوانەی کە لەلایەن ناوەندی ئاماری وڵاتی ئێرانەوە ئەنجام دراون، دەرخەری ئەوەن، کە لە ساڵی ٨٤وە هەتا ساڵی ٩٢، لە هەر ساڵێکدا زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس لە ژنانی نێو بازاڕی کار، بێکار کراون.

هەروەها ئاماری بێکاری لە دەستەی تەمەنی ٢٠ هەتا ٢٦ ساڵدا زۆرترین ئاماری بێکارانی لەخۆ گرتووە، کە بە پێی وتەی سەرۆکی مەجلیسی ئێران، لە هەر بنەماڵەیەکدا، کەسێکی بێکار بوونی هەیە.

بەپێی پیوەر و ستانداردەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بێکار بە کەسیک دەگوترێت، کە سێ حەفتە بەر لەوەی ئاماری بێکاران بگیرێت و حەفتەیەکیش پاش ئامارگرتنەکە بە شوین کاردا گەڕابێت. هەروەها بەپێی ستانداردەکانی حکوومەتی ئیسلامی، ئەگەر هەر کەسێک لە حەفتەیەکیشدا تەنیا ١ کاتژمێر کار بکات وەکو وبێکار پێناسە ناکرێت. ئەم پێوەر و پێناسەیەی حکوومەتی ئیسلامیی ءیران لەگەڵ پیوانە و پێوەرە جیهانییەکانی تایبەت بە کارکردن لە دژایەتی دایە.

بەگوتەی کارناسانی کۆمەڵایەتی، بێکاری، هەژاری و تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان سێ کوچکەی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان پێکدێنن، کە ئەم دیاردەیە تێکرای کۆمەڵگە بەرەوڕووی کێشەی جیدی دەکاتەوە.