ورمێ/ لە ماوەی چوار ڕۆژدا چوار کەس لە سێدارە دران

20:24 - 4 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: بە بەشداری ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمنییەتی _ قەزایی لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، حوکمی ئێعدامی دوو هاووڵاتیی دیکە کورد جێبەجێ کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو هاووڵاتیی کورد لە زیندانی دەریای شاری ورمێ که بە تاوانی قەتڵی بە ئەنقەست مەحکووم کرابوون، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ ٤ی ڕێبەندان، ، حوکمی ئێعدامەکەیان بەڕێو چوو.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی بە ناوەکانی\"عوسمان قوەیتاسی\" خەڵکی شاری بۆکان و \"حامید حەمەدوڵڵاهی\" خەڵکی میاندوئاو ڕاگەیاندووە.

ئەو دوو هاووڵاتییە بە تاوانی قەتڵی بە ئەنقەست \"قیساس\" بە ئێعدام مەحکووم کرابوون.

ڕۆی پێشتر، ئەو دوو هاووڵاتییە بۆ جێبەجێ کردنی حوکمەکەیان، ڕەوانە ژووری تاکەکەسی کرا بوون.

هەنووکە هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ئێعدام کردنی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە لایەن ڕاگەیەنە فەرمییەکانەوە بڵاو نەکراوتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی شەممە ٢ی ڕێبەندان دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ورمێ بە ناوەکانی\"سینا حوسێن پوور \"تەمەن ٢٢ ساڵە و \"قەبل عەلی مەردانی\" لەو زیندانەدا بە تاوانی ماددەی سڕکەر لە سێدارە دران.

بە ئێعدام کردنی ئەو دوو هاووڵاتییە، ئەمە چوارەمین ئێعدامە که لە ماوەی ئەم چوار ڕۆژەدا لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لەژێر ناوی جۆراوجۆر ئێعدام دەکرێن.