ورمێ/ دوو هەواڵنێر لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە درانە بەر لێدان و سووکایەتییان پێ کرا

22:10 - 14 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا:  رۆژنامەنووسانی کورد و ئازەری، ناڕەزایەتییان لەهەمبەر لێدان و بێ‌حورمەتی کردن بە هەواڵنێرانی وەرزشیی یانەی \"غەدیر\"ی ورمێ لە سەروبەندی رۆژی جیهانی ئازادیی رۆژنامەگەریدا دەربڕیوە و نامەیەکی سەرئاوەڵاشیان روو لە فەرماندەی ئینتزامیی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بڵاو کردووتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٨٠ کەس لە هەواڵنێرانی کورد و ئازەری نامەیەکی سەرئاوەڵایان روو لە فەرماندەی هێزی ئینتزامی بڵاو کردووەتەوە و ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر بێ‌ڕیزی و بێ‌حورمەتییەکانی مەئموورانی ئەو ناوەندە نیزامییە دەربڕیوە.

لە بەشێکی ئەو نامەدا هاتووە، ئەوە چەندەمین جارە کە میدیاکاران و بە تایبەتی ئەو وێنەگرانەی کە کاری وێنەگری و رووماڵ کردنی هەواڵەکان لە بوارە جۆراوجۆرە فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و وەرزشییەکاندا دەکەن، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە دەکەونە بەر لێدان و کوتان و ئەمەش لەکاتێک دایە کە ئەو هەوالنێرانە کارتی پێناسی تایبەتیشیان پێ بووە.

لەو نامەیەدا ئاماژە بەوەش کراوە، پێویستە هێزە ئینتزامی و ئەمنیەتییەکان، کەش و دۆخێکی لەبار و پارێزراو لەمەڕ لابردنی بەربەستەکان بۆ ئازادای راگەیاندن بڕەخسێنن هەتا ئەسڵی رووماڵکردنی هەواڵ و گەڕانی زانیارییەکان و هەروەها مافی بێ‌ ئەملا و ئەولای رۆژنامەنووسان لە یاسای چاپەمەنییەکانی و یاسا پەسندکراوەکاندا بە دی بێت.

لە درێژەی نامەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، ئێستا لە ئێران ئەو ئەسلە لەبەر چاو ناگیرێت و مافی هەواڵنێران بە تەواوەتی پێشێل دەکرێت و لەزۆر حاڵەتیشدا تۆمەتیان بۆ هەڵدەبەستن و رێز لەکاری ئەو توێژەی کۆمەڵگە ناگیرێت.

ئەو ٨٠ رۆژنامەنووس و هەواڵنێرە دەڵێن: واژۆکارانی نامەکە وەکوو بەشێک لە کۆمەڵگەی میدیاکار و هەواڵنێرانی ئازەربایجانی‌رۆژئاوا، وێڕای پێداگری لەسەر مەحکووم‌کردنی کردەوە نابەجێ و دوور لە پڕنسیپەکان بە دژی هەواڵنێران کە بە پێی یاسا کارەکانیان رێک خراوە، دەبێ ئەو راستییەش قەبووڵ بکەین کە هێزە ئینتزامییەکان بە ئەرک و مافەکانی خۆیان ئاشنا نەکروان و ئەو کەمتەرخەمییەش دەگەڕێتەوە سەر بەڕێوەبەرایەتی ئەو ناوەندە نیزامییانە کە بە باشی و بە شێوەی پێویست پێیان نەوتراوە کە دەبێ شێوازی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ خەڵک و بە تایبەت رۆژنامەنووس و هەواڵنێران، بە چ شێوەیەک بێت.

ئەو هەواڵنێر و میدیاکارانەی ورمێ رایانگەیاندووە: هەتا کاتی روونبوونەوەی لایەنی شاراوەی ئەو هێرشە و چۆنیەتیی رووداوەکە، خۆمان لە بەڕێوەبردنی و بەشداری لە کۆر و کۆبوونە چاپەمەنییەکان دەبوێرین.

لێدان و سووکایەتی کردن بە هەواڵنێران، ناڕەزایەتیی چالاکانی رۆژنامەوانی و میدیاکاران و هەروەها هاوخەمی و هاودەردیی هاووڵاتییانی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێ کەوتووەتەوە.

رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٠ی بانەمەڕ مورتەزا حەیدەری لەکاتی رووماڵکردنی یاریی دۆستانەی هەڵبژاردەی فووتساڵی ٩٨ی ئێران و هەڵبژاردەی ٩٠ی ورمێ کە بە مەبەستی رزگارکردنی زەریاچەی ورمێ بەڕێوەچووبوو، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە کەوتبووە بەر لێدان و سووکایەتی کردن.

لە لایەکی دیکەوە سەرنووسەری ماڵپەڕی \"ندای ارومیە\"ش لە کاتی وێنەگریدا کەوتبووە بەر لێدان و کوتانی هێزە ئینتزامییەکانەوە.