ورمێ/ بەندکراوێکی سیاسیی کورد بە شێوەی مەرجدار لە زیندان ئازاد کرا

12:48 - 12 رێبەندان 2720

 لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بەندکراوێکی سیاسیی کورد بە ناوی "محەمەد پەتایشی" کوڕی محەممەدکەریم خەڵکی گوندی "قەمتەرەی" شاری پیرانشار، بە شێوەی مەرجدار لە زیندانی ورمێ، ئازاد کرا.

 پێشتر، وەزارەتی ئیتلاعات لەگەڵ ئازادکردنی ئەو بەندکراوە سیاسییە دژایەتیی کردبوو.

 ئەو هاووڵاتییە کوردە لە دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی "هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٧ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو.

 ئەو حوکمە ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی بەفرانبار ٩٧ بەم هاووڵاتییە کوردە کە لە زیندانی ورمێ بەند کرابوو، ڕاگەیەندرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕەشەممەی ساڵی٩٦، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" لە لایەن حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر و بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئەو ناوەندە ئیتلاعاتییە لە شاری ورمێ کرابوو، هەروەها ڕۆژی سێشەممە ٩ی خەزەڵوەری٩٧، بۆ تەواوکردنی قۆناغی لێپرسینەوەکەی بۆ ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری پیرانشار ڕاگوێزرابوو.