ورمێ؛ عەبدولعەزیز گوڵ‌محەممەدی دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندان کرا

10:59 - 14 گەلاوێژ 2721

ڕۆژی هەینی ٨ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عەبدولعەزیز گوڵ‌محەممەدی"، خەڵکی ورمێ دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ٩٨، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە ورمێ دەسبەسەر کرا و پاش ٢ مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.

گوڵ‌محەممەدی سەرەتاکانی مانگی ڕێبەندانی ٩٩، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئینقلابی ورمێ، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەوتەوەیی لە ڕێگای ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ١٠ ساڵ و ١ ڕۆژ زیندان مەحکووم کرا و ڕۆژی ٧ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد تمەنی ئازاد کرابوو.

دەسبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی لەحاڵێکدا ڕوو دەدات کە ئەو حوکمە، ماوەیەک لەمەوبەر لەلایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵای وڵاتەوە پێشێل و بۆ پێداچوونەوەی دووبارە ڕەوانەی لقی هاوتەریبی دادگای ئینقلابی ورمێ کراوە و هەتا ئێستا حوکمێک دەر نەکراوە.