كورد ئاخێوی خۆی لە ئاخێوی رزگاریدەرەوە بكاتە ئاخێوێكی ئازادیخواز

20:19 - 24 رەزبەر 2711
وتووێژی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لەگەڵ مەسعوود فەتحی چالاكی سیاسی
بزووتنەوە و بزاوتە ئازادیخوازانەكان لە كوردستان ( چەكدارانە و مەدەنی)
هەروەك ئاگادارن، ساڵانێكە لە كوردستان بەشێكی زۆر لە خەڵكی ئەم ناوچەیە لە چوارچێوەی رێكخراوی سیاسی و نیزامی بۆ دەستەبەر كردنی ئەوەی كە بە \"ئازادیی رەوا و سەرەتایی دەناسرێ‌\" خەبات و چالاكی دەكەن.
لەم پێناوەدا دەبینین كە خودی كوردەكان یان بە واتایەك رێكخراوە سیاسییەكانی دژبەری حكوومەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران پاش چەندین ساڵ خەبات كە خۆیان بە ناوی \"بەرگریی رەوا\" لە قەڵەمی دەدەن دەستیان داوەتە خەباتی مەدەنی كە ئەمە خۆی لە خۆیدا گۆڕانێكی ئەرێنی و پێشكەوتنخوازانەیە لە چوارچێوەی چارەسەریی كێشەكاندا دێتە ئەژمار.
لەلایەكەی دیكەشەوە دەبینین گریلاكانی پەژاك لە كوێستانەكانی قەندیل سەرقاڵی چالاكین كە ئەوانیش ئەو كارەی خۆیان بە \"بەرگریی رەوا\" وەسف دەكەن.
بەڵام لەم نێوەدا زۆرن ئەو كەسانەی كە هەر وەكوو پێشوو تۆمەتی جوایی خوازیی و تەنانەت تیرۆریستی لەو رێكخراوە سیاسی ـ نیزامییانە دەدەن، بەو مانایەی كە دەبێ‌ ئەوانیش كێشەكانی خۆیان لەگەڵ حكوومەتی ئێران لە رێگای وتووێژەوە چارەسەر بكەن.

كوردپا: خەباتی چەكداری بۆ كوردستان لە دیدی نێو نەتەوەیی و هەلومەرجی ئێستای كوردستان بە قازانجە یان زەرەر؟
م. فەتحی: هەنووكە ئاخێوی(گفتمان) دێمۆكراسی و مافی مرۆڤ بەسەر جیهاندا زاڵە و بۆتە هۆی ئەوەی كە توندوتیژی بە جیددی لۆمە بكرێ و رێگەچارەی نیزامی تەریك بكەوێتەوە. شەڕ لە بواری ئەخلاقی مرۆییەوە پەسەند ناكرێ، بەڵام بەتەواوی ڕەت ناكرێتەوە. بۆ وێنە ئەگەر وڵاتێك هێرش بكاتە سەر وڵات و نەتەوەیەكی تر و مافی نەتەوەی بندەست پێشێل بكرێ یان ئەگەر لە وڵاتێكدا دەسەڵاتێكی سەرەڕۆ حاكم بێ و بەدژی شارۆمەندانی خۆی ستەمگەلی جۆراوجۆر بەڕێوە بەرێ، هاوكات دەرفەتی خەباتی سیاسی و مەدەنی بە شارۆمەندانی خۆی نەدا، ئەوا لە هەردوو حاڵەتدا چەمكی شەڕ دەچێتە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوا ( دفاع مشروع ) و رەوایی وەردەگرێ، چونكە شەڕ ئامرازێكی سیاسییە كە بەپێی هەلومەرجی سیاسیی وڵاتێك، دێتە بەر‌باس و بە ئامانجگەلی دیاریكراو گەڵاڵە و بە شێوازی پلانمەند بەڕێوە دەچێ. لە هەر شەڕێكدا سێ ئامانجی سەرەكی هەن:
1ـ شەڕ بە مەبەستی رووخاندنی دەسەڵات 2ـ شەڕ بە مەبەستی بە چۆكدا هێنانی دەسەڵات.
3 ـ شەڕ بە مەبەستی درووست كردنی سەرئێشە بۆ دەسەڵات، واتە بۆ ملدانی دەسەڵات بە دیالۆگ .
ڕێژیمی ئێران ئاڵاهەڵگری تیرۆریزمە لە جیهاندا و سەرچاوەی قەیران و ئاژاوەگێڕیی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە، هەروەها بە زیندانی گەورەی چالاكانی سیاسی و مەدەنی، رۆژنامەنووسان، هونەرمەندان، شاعیران... ناسراوە و لە جیهاندا زۆرترین ڕێژەی ئێعدام بەپێی حەشیمەتی وڵات بەڕێوە دەبات، هەروەها زۆرترین ڕۆژنامە و گۆڤاری تێدا دادەخرێ.
ئەو رێژیمە هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە هێرشی نیزامی كردە سەر كوردستان، ‌هەتا ئێستاش رەوشی میلیتاریستی سەپاندووە و چالاكانی سیاسی و مەدەنی كورد، لە دادگاگەلێكی ئینگیزیسیۆنیدا بەرەو ڕووی حوكمی قورسی زیندان و ئێعدام دەكاتەوە، بەم پێیە شەڕی چەكداری بۆ گەلی كورد بەرگرییەكی رەوایە.
بەڵام هەروەك ئاماژەی پێدرا، شەڕ بە مەبەستی رووخاندنی رێژیم یان تەسلیم كردنی رێژیم، یان دروست كردنی سەرئێشە بۆ ئەوەی دیالۆگ بێتە كایەوە بۆ چارەسەریی پرسی كورد؟
بزووتنەوەی نەتەوایەتی دێمۆكراتیكی كورد شەڕی بە خواستی خۆی و بە مەبەستی رووخاندن یان تەسلیم كردنی رێژیم هەڵنەبژاردووە، بەڵكوو شەڕی وەك ئامرازێك بۆ ملكەچ‎ كردنی ڕێژیم بە دیالۆگ‎ و چارەسەری ئاشتییانە بەكار هێناوە، ئەوەی لێرەدا پێویستە باس بكرێ ئەوەیە كەلە بنەڕەتدا ڕیژیم باوەڕی بە دیالۆگ و چارەسەریی پرسی كورد نیە، لەم بارە‌وە تیرۆری دوكتور عەبدولڕەحمانی قاسملوو، لەسەر مێزی وتووێژ و لەلایەن دیپڵۆمات تیرۆریستەكانی كۆماری ئیسلامییەوە لە ساڵی 1368، بەڵگەیەكی حاشاهەڵنەگرە.
بەم پێیە شەڕێكی بێ‎ ئەنجام و فەرسایشی لە ئێستادا بەرژەوەندیی گەلی كوردی تێدا نییە و لە سەرەكیترین خەسارەكانیشی دەكرێ ئاماژە بەم خاڵانەی خوارەوە بكەین.
1ـ شەڕ كردەوەیەكی دزێو و قیزەوەنە و سیمای بزووتنەوەی نەتەوایەتی ــ دێمۆكراتیكی گەلی كورد، لە كۆڕ و كۆمەڵە جیهانییەكاندا ناحەز دەكا.
2ـ رێژیمی ئێران لە ماوەی پتر لە سی ساڵ دەساڵاتدارییەتی خۆیدا سەلماندوویەتی كە مەرجی مانەوەی دەسەڵاتەكەی لە قەیران ‎سازیدا دەبینێتەوە، بە لەبەرچاو گرتنی ئاڵوگۆڕەكانی ئەم دواییانەی ناوچەكانی باكووری ئافریقا و خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، كە بە بەهاری عەرەبی ناسراوە و هەنووكە دەسەڵاتی دیكتاتۆری سووریەی هاوپەیمانی ئیستراتێژی ئێرانیشی گرتوۆتەوە، نابێ بزووتنەوەی كورد بیانوو بە كۆماری ئیسلامی بدات كە ناوچەكە بەرەو قەیرانێك بەرێ كە رووداوەكانی سووریە بخاتە ژێر كاریگەریی خۆیەوە.
3ـ شەڕ سیاسەتی كۆماری ئیسلامیە و بە سەرگەلی كورددا سەپاوە، بەم هۆیە بزووتنەوەی كورد نابێ لەپێناو سیاسەتێكی سەپاودا تێبكۆشێ.
4ـ دەسەڵاتی هەرێمی باشووری كوردستان، بە هەموو كەم و كۆڕییەكانیەوە، گەورەترین دەسكەوتی گەلی كوردە لە درێژەی خەباتێكی خوێناوییدا، هەر بۆیە پارستنی ئەو دەسكەوتە ئەركی نەتەوایەتی كوردانە و لەم پەیوەندییەدا هەرچەشنە كردەوەیەك كە بتوانێ بیانوو بە داگیركەرانی كوردستان‌ بدات بۆ هێرش كردنە سەر ئەو هەرێمە، كردەوەیەكی نەرێنییە و ئاكامی نەرێنیشی دەبێ بۆ بزووتنەوەی كورد لە بەشەكانی تری كوردستان.
5ـ شەڕی چەكداری بەركەوتی شۆڤێنیستی گەلانی دیكەی ئێرانی لیدەبێتەوە بە تایبەت گەلی سەردەستی فارس، ئەركی بزووتنەوەی نەتەوایەتی دێمۆكراتیكی كوردە ( وەك پێشەنگی خەباتی نەتەوایەتی ئێران ) كە خۆ بواردن لە توندوتیژی وەك سەرمایەیەكی ئەخلاقی بكا بە كولتووری هاوبەش بۆ هەموو گەلانی ئێرانی لەمەڕ نەهادینە كردنی دێمۆكراسی و بنیادنانی وڵاتێكی دێمۆكراتیكی فیدراڵ.
6ـ شەڕی چەكداری پیناسەی سیاسیی حیزبە كوردیەكان دەباتە ژێر پرسیار و ئاخێوی شەڕ بە سەر كۆمەڵگای كوردیدا زاڵ دەكات هەر بۆیە دەبێتە هۆی لاوازبونی هەرچی زیاتری كۆمەڵگای مەدەنی، هاوكات بیانووش بە كۆماری ئیسلامی دەدات كە بە پۆلیسی كردنی دۆخی كوردستان پتر پەرە بە سەركوتی چالاكانی سیاسی، مەدەنی كورد بدات.
7ـ شەڕی چەكداری توندوتیژی دەكا بە كولتوور و ‌لە داهاتوودا، تەنانەت لە كوردستانێكی رزگار كراویشدا، كاریگەریی خراپ دەكاتە سەر كۆمەڵگا هەتا رادەیەك كەلە ئاستی حیزبەكاندا دەتوانێ لێك هەڵبەزینەوەی باڵە چەكدارییەكان و لە ئاستی تاكیشدا نۆرم شكێنی كۆمەڵایەتیی لێدەكەوێتەوە.
بەگشتی مێژوویەك لە خەباتی چەكداری‌ سەرەڕای ئەوەی كە ورەیەكی شۆڕشگێڕانەی بە خەڵكی كوردستان بەخشیوە و گەلی كوردی وەك نەتەوەیەك كە ملكەچی داگیركەری نابن پێناسە كردوە، هاوكات لە بواری پەروەردەیی و ئابووریەوە خەڵكی كوردستانی لاواز كردوە و خەساری زۆر جیددی بە سروشتی كوردستان گەیاندووە.
بەم پێیە راگرتنی خەباتی چەكداری لە ئێستادا، بە واتای خۆ بەدەستەوە دان نیە، بەڵكوو تەنیا بە واتای گۆڕینی شێوازی خەباتە.
كوردپا: ئاخۆ ئاڵترناتیڤ بۆ بزووتنەوەی نەتەوایەتی دێمۆكراتیكی كورد چیە؟
م. فەتحی: بزووتنەوەی كورد دەبێ لەگەڵ ئاخێوی ئەمڕۆی جیهاندا خۆی رێك بخات، واتە مافی مرۆڤ و دێمۆكراسی بكاتە بنەما و هەوڵ بۆ جێگیر كردنی سێكۆلاریزم، دێمۆكراسی، یەكسانی خوازیی ژن و پیاو، هاوسەنگی چینایەتی، ژینگەپارێزی و... بدات، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە بزووتنەوەی نەتەوایەتیی كورد ئاخێوی خۆی لە ئاخێوی رزگاریدەرەوە بكاتە ئاخێوێكی ئازادیخواز واتا بەهادان بە تاك، هەتا بەشداری بەكردەوەی ژنان و چینی مام ناوەندی شارنشینی كۆمەڵگا لە بزووتنەوەدا بەرچاوتر بكات.
بزووتنەوەی كورد دەبی زۆرترین پتانسیل بخاتەگەڕ و كەمترین تێچوو (نرخ) بدات، بۆ ئەم مەبەستە دەبێ گرنگیی زیاتر بە كۆمەڵگای مەدەنی بدات، واتە لە رێگای دامەزراوە مەدەنیەكانەوە، هەوڵ بدات بۆ پێگەیاندنی تاك و رۆشنبیر كردنی كۆمەڵگا، بەم پێیە لەگەڵ بە ڕێكخستن كردنی كۆمەڵگادا بەستێنێك بۆ یەكگرتوویی كۆمەڵگای كوردی لە چینەكانی خوارووی كۆمەڵگاوە دروست بكات، هەتا وزە و هێزی سیاسیی بزووتنەوەی نەتەوایەتی ـ دێمۆكراتیكی كورد لەوێوە بەرهەم بهێنێ‌.