وتەبێژی کانوونی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا

16:56 - 15 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: پاش تێپەڕینی یەک رۆژ لە بانگهێشت کردنی نێرگس محەممەدی چالاکی مافی مرۆڤ بۆ دادگای \"ئینقلاب\"، ئەو چالاکە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ سێ‌شەممە رێکەوتی ١٥ی بانەمەڕ، نێرگس محەممەدی رۆژنامەنووس و وتەبێژی کانوونی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لەنێو ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

یەکێک لە شایەتحاڵان بە هەواڵنێری کوردپای وتووە، هێزە ئەمنیەتییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنی محەممەدیدا،\" گەوهەر عیشقی\" دایکی سەتار بەهەشتیشیان کە لەگەڵ نێرگس بووە دەستبەسەر و رەوانەی گرتووخانەی ئێوین کردووە.

\"26346.jpg\"
هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران به حوکمی دادگای نێرگس محەممەدی، رۆژنامەنووس و وتەبێژی ئەنجومەنی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ دەستبەسەر و رەوانەی گرتووخانەی ئێوین کردووە
شایەتحاڵان باسیان لەوەش کردووە، هێزە ئەمنیەتییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەو رۆژنامەنووسەدا، دەرگای ماڵەکەیان شکاندووە و پاش نیشاندانی حوکمی دەستبەسەرکردنەکەی، \'\'نێرگس محەممەدیی\'\'ان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ئەو چالاکەی بواری مافی مرۆڤ، رۆژی رابردوو لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر \'\'سەڵواتی\'\' بە تاوانی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکانی بەر دەم مەجلیس سەبارەت بە رووداوەکانی پژاندنی تێزاو لە تاران و ئیسفەهان، بانگهێشت و دادگایی کرابوو.