هەڵەی پزیشکی؛ ئەمجارەش مردنی لێ کەوتەوە

21:48 - 1 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: چیرۆکی هەڵە پزیشکییەکان لە ئێران بەردەوامە و ئەمجارەیان بووە هۆی گیان لەدەستدانی پیاوێکی تەمەن ٧٤ ساڵ.

دادستانی ئەراک هەواڵی گیان لە دەستدانی پیاوێکی ٧٤ ساڵەی بەهۆی هەڵەی زەقی پزیشکی کە بووە هۆی مردنی ئەم کەسە پشتڕاست کردەوە.

ڕۆژنامەی \"جوان\" لە ژمارە ١٤٣٧ی خۆیدا ئاشکرای کرد، ڕێکەوتی ١١ی بانەمەڕ پیاوێکی بەتەمەن کە تووشی شکانی لاقی چەپی ببوو، بۆ نەخۆشخانەی \"ولی عصر\"ی ئەراک ڕەوانە دەکرێت و پاش ئەنجامدانی تاقیکارییە پێویستەکان، ڕەوانەی ژووری نەشتەرگەری دەکرێت. پاش کۆتایی نەشتەرگەرییەکەی لە باتی ئەوەی دۆخی جەستەیی ئەم کەسە بەرەو باشتربوون بڕوات، بەرەو خراپتر بوون چووە و ناوبراو کەوتۆتە حاڵەتی کۆماوە. دواتر دەردەکەوێت کە پزیشکەکەی لە باتی نەشتەرگەریی لاقە شکاوەکە، لاقە ساقەکەی نەشتەرگەری کردووە. 9 ڕۆژ دواتر نەخۆشی ئاماژەبۆکراو گیانی لەدەست داوە.

تا ئێستا بەرپرسانی ئەم نەخۆشخانە و دەزگای \"نظام پزشکی\" ئامادە نەبوون لەمبارەوە لێدوان بدەن.

ڕووداوی هاوشێوە لە چەند مانگی ڕابردوودا لە چەند شوێنێکی ئێران لەوانە ئیسفەهان، تاران، ئەهواز، تەبرێز و بیجاڕ روویان دا و تەنانەت وەزیری تەندروستیی کۆماری ئیسلامی ناچار کرد کە بێتە دەنگ و بەڵێنی دابوو کە چیدیکە حاڵەتی لەم شێوە نەبیندرێت، بەڵام وادیارە ئەمەش تەنیا بەڵێنێکی بێ نێوەڕۆک بووە.