هەڵەی پزیشکی گیانی لاوێکی "سەوڵاوا"یی ئەستاند

10:48 - 10 رەزبەر 2721

حەوتووی ڕابروو، لاوێکی تەمەن ٢٧ ساڵ بە ناوی "نەشهەد ئەدوایی" کوڕی "عەلی" خەڵکی گوندی "سلێن" سەر بە "هەورامانـ"ـی سەوڵاوا، بەهۆی هەڵەی پزیشکی لە نەخۆشخانەی "بووعەلی سینا" لە شاری هەمەدان گیانی لەدەست دا.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە: "نەشهەد ماوەی ٢٠ ڕۆژە ژیانی هاوبەشی پێک هێنابوو کە تووشی ئەو ڕووداوە هاتووە".

ئەو سەرچاوەیە بەم شێوەی باسی ئەو هەڵە پزیشکییەی بۆ ئاژانسی کوردپا کرد: "ڕۆژی شەممەی حەوتووی ڕابردوو، نەشهەد بە ۆی ئێش و ئازاری گەدەی سەردانی نەخۆشخانەی بووعەلیی شاری مەریوان دەکات و پاش پشکنینی پزیشکی، پێی ڕادەگەیەنن کە گەدەی کون بووە و دەبێ نەشتەرگەریی بۆ بکرێت".

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگاداره، پاش ڕازیبوونی نەشهەد بە نەشتەگەریی گەدەی، لە کاتی نەشتەرگەری دەردەکەوێت کە پەنکریاسی چڵکی کردووە و لوولەی دەرهێنانی چڵکی پەنکەریاسی بۆ دادەنێن. پاش ٤٨ کاتژمێر لە دانانی لوولەی دەرهێنانی چڵکی پەنکەریاس، دەردەکەوێت کە ئەم لوولەیە خراپ بووە و عەفوونەتی پەنکەریاسەکەی هەموو جەستەی دەگرێتەوە.

ئەو نزیکەی نەشهەد ئەدوایی هەروەها بە کوردپای ڕایگەیاند: "پاش ٤٨ کاتژمێر و بەهۆی خراپبوونی باری تەندروستیی، نەشهەد ڕەوانەی نەخۆشخانەی بوعەلیی شاری هەمەدان دەکرێت و پاش ١٠ خولەک لەو نەخۆشخانەیە، ئەو هاووڵاتییە گیانی لەدەست دەدات. یەکێک لە پزیشکەکانی نەخۆشخانەی بوعەلیی هەمەدان بە بنەماڵەکەیانی ڕاگەیاندووە کە ئەم نەخۆشە پێویستی بە نەشتەگەری نەبووە و دەیانتوانی بە دەوا و دەرمان چارەسەری نەخۆشییەکەی بۆ بکەن".

خاوەنڕایان نەبوونی کادری شارەزا و پسپۆڕی پزیشکی و دەرمانی و کاری لەڕادەبەدەری پزیشکان و زیادبوونی ژمارەی نەخۆشەکان، بە هۆکارەکانی زیادبوونی هەڵەی پزیشکی لەقەڵەم دەدەن.