هەڵەی پزیشکی لە ساڵی ٩٢، گیانی ٤ ژن و کچی کوردی ئەستاند

15:55 - 3 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: لە ساڵی رابردوودا هەڵە و کەمتەرخەمیی پزیشكی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، گیانی ٤ ژن و کچی کوردی ئەستاند.

بەپێی ئاماری تۆارکراو کە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ساڵی ٩٢ی هەتاوی هەڵەی پزیشكی لە شارەکانی سنە، مەریوان، نۆدشە و پاوە گیانی ٤ ژن و کچی کوردی ئەستاند و بووە هۆی ئەوەی کە ژنێکی کورد لە کرماشان ٣ مانگ لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدا بێ و بڕینەوە لاقی کچێە خوێندکارێکی بۆکانی لێ کەوتەوە.

رۆژی پێنج‌شەممە ٣١ی گەلاوێژ ژنێکی تەمەن ٤٢ ساڵ بەناوی (ف، م) لەئەنجامی لێدانی خوێنی ماوە بەسەرچوو لە نەخۆشخانەی \"بووعەلی\"ی شاری مەریوان و راگواستن بۆ نەخۆشخانەی \"فەجر\"ی ئەو شارە گیانی لەدەست دا.

هەر لەو پەیوەندییەدا و رۆژی هەینی ٣٠ی خەرمانان، \"شیوا زارعی\" دانیشتووی گەڕەکی \"عەباس ئاوای\" شاری سنە کە بەمەبەستی جوانکاریی لووت، خرابوویە ژێر نەشتەرگەری و پاش بێهۆش کران، گیانی لەدەست دا.

بێهزاد ئەحسەن پزیشکی کلینیکی \"نوور\"ی شاری سنە رایگەیاندووە: شیوا زارعی کە رۆژی پێنجشەممە لە کلینیکەکەی ئێمە خراوەتە ژێر نەشتەرگەری، پێشینەی نەخۆشیی هەناوی هەبووە.

لە لایەکی دیکەوە، رۆژی شەممە ریکەوتی ١٠ی رەشەمە \"یەنار کیانی\" کچە قوتابیی پۆلی ٣ی سەرەتایی لە قوتابخانەی فاتیمەی زەهرا، بەهۆی کەمتەرخەمیی پێرسونێلی نەخۆشخانەی \"بووعەلی\"ی شاری مەریوان، پاش ٥ رۆژ مانەوە لە بەشی \"ئای.سی.یوو\"ی نەخۆشخانەی بێعسەتی شاری سنە، گیانی لە دەست دا.

رۆژانی سەرەتای مانگی رێبەندان، نەسرین شەبرەندی تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی شاری نۆدشە، کە چەند رۆژ پێشتر بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە لە نەخۆشخانەی شاری پاوە خرابوویە ژێر چاوەدێریی پزیشکییەوەو دواتر رەوانەی نەخۆشخانەیەکی شاری کرماشان کرابوو، پاش چەند کاتژمێر مانەوە لەو نەخۆشخانەیە گیانی لەدەست دا.

لە سەرەتای مانگی خەزەڵوەر، ژنێکی کوردی دانیشتووی کرماشان، دوای ئازاری زۆر و ئەنجامدانی چەندین تاقیکاریی پزیشکی، سەرەنجام دەرکەوتووە کە لەکاتی نەشتەرگەریی دووگیانیدا، باندێکی ئیستریل لەلای چەپی سکیدا بەجێ‌ ماوە.

ئەو ژنە ناوی \"ش. د\" و تەمەنی ٣٦ ساڵە و دوای تێپەڕینی ١٥ رۆژ لە نەشتەرگەرییەکەی، هەستی بە ئازاری بەردەوام لەلای چەپی سکیدا کردبوو.

ئەو نەشتەرگەرییە لەنەخۆشخانەی \"بێستوون\"ی کرماشان ئەنجام دراوە، ئەوەش لەحاڵێک دایە کە بە وتەی هاووڵاتییانی ئەو شارە لە نەخۆشخانە بەناوبانگەکانی کرماشان دێتە ئەژمار.

ئەو ژنە کرماشانییە بەهۆی هەوکردنی جەستەیەوە بۆ ماوەی سێ‌مانگ لەژێر چاوەدێری پزیشکیدا بوو.

هەر لەو مانگەدا، هەڵەی پزیشکی لە شاری تاران بووە هۆی بڕینەوەی لاقی کچە خویندکارێکی خەلکی شاری بۆکان بە ناوی \"ماریا . ج\".

ئەو کچە خوێندکارە مانگی رەزبەر لە رووداوێکی هاتووچۆدا بە توندی بریندار ببوو، کە رەوانەی نەخۆشخانەی شەریعەتی شاری تاران کرابوو.

ئامارێکی ورد لەمەڕ رێژەی مردن بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە لە ئێراندا لە بەردەستدا نیە، بەڵام خاوەنڕایانی ئەو بوارە کەمبوونی هێزی مرۆیی، ماندوویەتی و کاری لەرادەبەدەر، ئاشنانەبوون بە زانستی پزیشکی و هەروەها رێژەی زۆری نەخۆشەکان لە گرینگترین هۆکارەکانی هەڵەی پزیشکی لە ئێراندا ئەژمار دەکرێن.