هەڵەی پزشکی گیانی ژنێکی کوردی ئەستاند

11:26 - 19 خەزەڵوەر 2720

ژنێکی لاو بە ناوی "مەهناز مورادی" تەمەن ٢٥ ساڵ کچی "ئەحمەد" بەهۆی لێدانی دەرزیی هەڵە، لە نەخۆشخانەی مەریوان گیانی لە دەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: "مەهناز مورادی لەدایکبووی گوندی "دزڵـ"ـی سەوڵاوا و دانیشتووی شاری تارانە و پاش گەڕانەوەی بۆ ماڵی خزمەکانی لەو گوندە تووشی کۆرۆنا دەبێت و پاش سەردانی نەخۆشخانەی "فەجر"ی مەریوان، دوایی ٢٤ کاتژمێر گیانی لە دەست دەدات".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستووەتەڕوو، یەکێک لە پزیشکەکانی نەخۆشخانەی مەریوان، بەهۆی لێدانی دەرزی بە هەڵە، بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی ئەو ژنە هاووڵاتییە کوردە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "هەواڵی گیان لەدەستدانی مەهناز مورادی، لەلایەن یەکێک لە پەرەستارەکانی نەخۆشخانەی مەریوان بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەندرابوو".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ڕووداوە ماوەی یەک مانگ و ٧ ڕۆژە ڕووی داوە و هەتا ئێستا ئەو ڕووداوە میدیایی نەکراوە.