هەڵمەتی پشتیوانی لە زمانی دایکی لە شاری ڕوانسەر بەڕێوەچوو

14:27 - 14 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییانی شاری ڕوانسەر کەمپینێکی واژۆ کردنیان بە مەبەستی خوێندن بە زمانی دایکی لە قوتابخانەکانی ئەو شارە بەڕێوەبرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ١٣ی ڕەشەممە، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی شاری ڕوانسەر بە مەبەستی خوێندنی زمانی دایکی لە قوتابخانەکانی ئەو شارە دەستیان بە کۆکردنەوەی واژۆ و پشتیوانی لە خوێندن بە زمانی دایکی لە قوتابخانەکان کرد.

کەمپینی پشتیوانی کردن لە خوێندن بە زمانی دایکی و هەڵمەتی کۆکردنەوەیی واژۆ بۆ وانەوتنەیی زمانی زگماکی لە قوتابخانەکانی شاری ڕوانسەر لەلایەن خەڵکی ئەو شارەوە بەڕێوەچوو کە لەگەڵ پێشوازی بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی شاری ڕوانسەر بەرەوڕوو بوویەوە.

پاش ٣٨ ساڵ لە هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی لە ئێران، هەتا ئێستا بێجگە لە زمانی فارسی، تەنانەت لە باخچەی ساوایانیش، ئیزنی خوێندن بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی کوردستان بە قوتابیان نەدراوە.

لە نیزامی پەروەردە و بارهێنانی ئێراندا سەرەڕای بوونی جیاوازی نەتەوەیی، نەتەوە غەیری فارسەکان نەتەنیا کەوتوونەتە پەراوێزەوە بەڵکوو ناچار دەکرێن واز لە زمانی خۆیان بهێنن و بە زمانێکی دیکە کە زمانی نەتەوەی باڵادەستە بخوێنن.