هەڵسوكەوتی توندی هێزی ئینتزامی لەگەڵ لاوەكان و بێدەنگی چالاكانی مافی مرۆڤ+فیلم

15:37 - 18 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی كوردپا: بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی سووكایەتیكردنی هێزە ئینتزامییەكان بە لاوان، شەپۆلێكی ناڕەزایەتی و بێزاری لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا بەدوای خۆێدا هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەچەند رۆژی رابردوودا لە گرتە ڤیدیۆییەكدا پۆلیسی ئێران هەڵسەكەوتێكی زۆر توند و نەشیاوی بەرامبەر بە چەند لاو لەشوێنە گشتییەكاندا نواندووە.

لەو وێنانەدا، ٤ لاو بە كەلەپچەوە سواری ماشێنێك كراون و ێڕای هەڵسوكەوتی توند و جنێو پێدان لەلایەن مەئموورانی \"نوپو(نیروهای ویژه پاسدار ولایت)\" لە ناو شەقامەكاندا پیشانی خەڵكیان دەدەن.

ئەو فیلمە لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكاندا لەگەڵ ناڕەزایەتی و دژكردەوەی بەكارهێنەرانەوە بەرەوڕوو بۆتەوە.

یەكێک لە بەركارهێنەران لەفەیسبووكدا نووسیویەتی:\" چەند رۆژ زیاتر لەشۆڕشی ٥٧ و ئاخاوتنی دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی لە بێهشتی زارا تێنەپەڕیبوو، تا هەموو بزانن كە بڕیارە بەچ شێوەیەك ئاغای خومەینی دەیهەوێ‌خەڵك بە پلەی مرۆڤایەتی بگەیەنێ‌، ئێستا دوای ٣٥ ساڵ لەو پلەیەداین\".

بەكارهێنەرێكی دیكە نووسیویەتی\" هەڵسوكەوتی توند و بێ‌رێزی كردن بەجێگەی هەڵسوكەوتی یاسایی و رێز گرتن وا دەكات كە ئەو هەڵسوكەوتانە ئاسایی ببێتەوە و هەروەها ئەوە شێوە هەڵسوكەوتانە ئەخلاق لەنێو دەبات.

ئەو هەڵسوكەوتەی هێزە ئینتزامییەكان لەچوارچێوەی \"هەڵسوكەوت لە گەڵ لات و لووت\"‌دا دایە و پۆلیسی ئێران لەو كارانەدا پێشینەی تایبەتی هەیە.

ئەوە جێگای سەرنجە بێدەنگی ناوەند و چالاكانی مافی مرۆڤ لەهەمبەر ئەو هەڵسوكەوتانەی هێزی ئینتزامی دایە.

پێشتریش لە ئیلام، مەریوان و مێهران چەند لاوێك بەتاوانی \"دزی\" و \" رفاندنی پارە\" لە شەقامە سەرەكییەكانی شار پیشانی خەڵكی درابوو.

جێبەجێ‌كردنی گەڵاڵەی \"بردنە سەری ئەمنیەتی كۆمەڵایەتی\" لەلایەن هێزی ئینتزامییەوە لەگەڵ دژكردەوەی توندی نووسەران و كارناسانی كۆمەڵایەتی لێكەوتۆتەوە.

فەرهاد مورادی لەو بارەیەوە نووسیویەتی، ئەو سەركوتانە تەنیا چینی هەژار و خوارەوەی كۆمەڵگەی گرتۆتەوە و دەسەڵاتدارانی ئێران ئەو چینە بە دوژمنی سەرەكیی خۆیان دەزانن، چینێك كە ئەگەری ئەوە هەیە كە كێشەكانی رۆژانەی خۆیان لەگەڵ بیرۆكەی رزگاریدەر گرێ‌بدەنەوە و بەرەو سیاسی بوون بڕۆن.

ئەو نووسەرە لەدرێژەدا باسی لەوە كردووە، پۆلیس لەرێگەی ئەو گەڵاڵەیەوە توانیویەتی كۆمەڵێک گوێ‌لەمست و لۆمپەن كە سەریان بۆ هێزە ئینتزامییەكان داخستبوو بیانهینێتە ژێر ركێفی خۆی و لەناو زیندانەكان تێكەڵ بە كەسانی سیاسیان بكات و لەو رێگەیەوە ئازاری زیندانییانی سیاسی بدات.