هەژاریی لە شارەکانی ئێران ڕوو لە پەرەسەندنە

21:57 - 19 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: ئەحمەد میدری، جێگری ڕفاهی کۆمەڵایەتی وەزارەتی تەعاون، کار و ڕفاهی کۆمەڵایەتی ڕایگەیاندووە، کە هەژاریی لە شارەکانی ئێراندا ڕوو لە پەرەسەندنە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، جێگری ڕفاهی کۆمەڵایەتی وەزارەتی تەعاون، کار و ڕفاهی کۆمەڵایەتی حکوومەتی ئێران، لە وتووێژێکدا باسی لەوە کردووە، کە لێکۆڵینەوەکان دەرخەری ئەوەن کە کەلێنی هەژاری لە شار و گوندەکانی ئێران گۆڕاوە و هەژاریی ڕوو لە پەرەسەندنە.

میدری ئەو بەرپرسەی حکوومەتی ئێران هەروەها باسی لەوە کردووە کە دەوڵەتی نۆهەم و دەهەم کە لە ساڵەکانی ١٣٨٤ هەتا ١٣٩٣ی هەتاوی، لە سەر کار بوونە ئەرکی خۆیان بەڕێوە نەبردووە و هیچ ڕاپۆرتێکیان لە پێوەندی لەگەڵ هەژاری و دەڵەمەندیی کۆمەڵگا نەداوەتە بەر دەست.

جێگری ڕفاهی کۆمەڵایەتی وەزارەتی تەعاون، کار و ڕفاهی کۆمەڵایەتی هەروەها باسی لەوە کردووە کە ئەگەرچی زۆربەی شار و گوندەکانی ئێران ئیمکاناتی وەک ئاو، بەرق، گاز، ڕێگاوبان، قوتابخانە و بێهداشتیان هەیە بەڵام پارێزگایەکی وەکوو سیستان‌وبەلووچستان زۆر هەژار و دواکەتوویە و بەپێی لێدوانەکانی بەرپرسانی حکوومەتی ١٦٠ هەزار کچ، لەو پارێزگایە لە خوێندن بێبەشن.

ئەو بەرپرسەی حکوومەتی ئێران لە درێژەدا باسی لەوە کردووە کە \"توزیع جغرافیایی\" لە ئێران خۆی هۆکاری هەژارییە و بەپێی ئامارەکان پارێزگا سنوورییەکان تووشی هەژاریی زیاترن و بەرەو زیادبوونیش دەڕوات.

بەشێکی هەژاری لە ئێران بۆ سیستمی و یاسا و ڕێسای ئیدارەکان دەگەڕێتەوە ئەوەش دەبێتە هۆی کۆچکردنی خەڵک لە گوندەکان بۆ شارەکان.

هەروەها لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران لە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی، کەمتر لە هێڵی هەژاریە و ئەوەش بۆ خۆی پەرەپێدەرە بۆ هەژاری لە ئێراندا.

هەژرایی لە ئێراندا ڕووی لە زپەرەسەندنە و بەرپرسانی حکوومەتیش لەهەمبەر ئەو پرسە هۆشداریان داوە کە چارەسەرنەکردنی ئەو کێشەیە زیانی قەربوونەکراو لە کۆمەڵگا دەدات.