هەڕەشەی دادستانیی شاری کرماشان لە کاسبکاران و هاووڵاتییانی ئەو شارە

12:10 - 29 خەزەڵوەر 2720

ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی خەزەڵوەر، بەهۆی شەڕ و دەمەقاڵێی دووکانداران و کاسبکارانی شاری کرماشان لەگەڵ مەئموورانی شارەداری، دادستانی گشتی و ئینقلابی ئەو شارە، هەڕەشەی سزای لە کاسبکاران کرد.

کێشە و دەمەقاڵێ مەئموورانی شارەداری لەگەڵ دووکانداران و کاسبکارانی شەقامی "دەبیر ئەعزەمیـ"ـی شاری کرماشان و بڵاوبوونەوەی فیلمی ئەو دەمەقالێیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، دژکردەوەی شارام کەرەمی، دادستانی ئەو شارەی لێکەوتووەتەوە.

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە بەنیسبەت بڵابوونەوەی ئەو فیلمەی کێشەی نێوان مەئموورانی شارەداری و دووکانداران و هاووڵاتییان، هەڕەشە سزای دانی ئەو کەسانەی کرد کە ئەو فیلمانەیان لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کردووەتەوە.

شارام کەرەمی، بڵاوکردنەوەی ئەو فیلمانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خستووەتە سەر کاناڵە دژبەرەکانی حکوومەت و ڕایگەیاندووە؛  هێندێک لە کاناڵە دژبەرەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی ئەو فیلمە، باسیان لە ئامادەبوونی هێزە ئەمنییەتییەکان و هەڵسووکەوتی ئەو هێزانە لەگەڵ دووکاندارن و خەڵک کردووە، کە هیچ کام لە هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکان لە شوێنی ڕووداوەکە نەبوونە.

دادستانی گشتیی کرماشان هەڕەشە توندی لە هاووڵاتییان و دووکانداران کردووە و ڕایگەیاندووە: "لەگەڵ ئەو کەسانە کە هەوڵی دروستکردنی ئەو ڕووداوەیان داوە، بەپێی یاسا لەگەڵ هەڵسووکەت دەکەین".

شارام کەرەمی هۆکاری هاتنە ئارای کێشە و دەمەقالێی مەئموورانی شارەداری و دووکاندارن و هاووڵاتییانی، بۆ لە بەرچاونەگرتنی ڕێوشوێنی تەندروستی و کۆرۆنایی گەڕاندووەتەوە و ئەمە لە حالێکدایە کە کاسبکاران ئەو وتانەی دادستان ڕەت دەکەنەوە.