هەڕەشەکردن لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیران لەلایەن سپای پاسدارانەوە بەردەوامە

12:48 - 4 سەرماوەز 2720

فەرماندەی لەشکەری عەمەلیاتی ٣ی حەمزەی سەیدولشوهەدا، جارێکی دیکە هەڕەشەی لە حیزبە کوردییەکان کرد و ڕایگەیاند: "لە ئەگەری نائەمن‌کردنی سنوورەکان، وڵامێکی توندیان دەدەینەوە".

پەیوەندییە گشتییەکانی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدا ڕایگەیاندووە: "بە خستە ژێرچاوەدێری و کۆکردنەوەی زانیاری، سەربازانی ئەو قەرارگاییە دەستیان بە سەر ٢٧١ قەبزە چەکوچۆڵ، لە ناوچە سنوورییەکانی باکووری ڕۆژئاوا، داگرتووە".

قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران، دەسبەسەرداگرتنی ئەو چەکوچۆڵانەی خستووەتە ئەستۆی حیزبە کوردییەکان و ڕایگەیاندووە، دژبەرانی نیزام لە هەوڵی ڕەوانەکردنی ئەو چەکۆچۆڵانە، بۆ ناو شارەکان بوونه، کە بتوانن نائەمنی دروست بکەن.

بەرپرسی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدا، هەروەها جارێکی دیکە هەڕەشەی لە حیزبە کوردییەکان کردووە لە ئەگەری هەر جموجۆلێکی خراپکارانە،  قەرارگای حەمزە، بە توندی وڵامیان دەداتەوە.