هەولێر/ سەردانی ٢٥ سەرۆک رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ کونسوولی ئێران بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسیی کورد + وتووێژ

16:20 - 15 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: ئەنجومەنی باڵای رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ ناڕەزایەتی سەبارەت بە لەسێدارە دانی زیندانیانی سیاسیی کورد، سەردانی کونسوولی ئێرانیان لەشاری هەولێر کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ١٥ی خەزەڵوەر ٢٥ سەرۆک رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی بە نوێنەرایەتیی فراکسیۆنی ئەنجومەنی باڵای رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان، نامەیەکی ناڕەزایەتییان لە رێگەی کونسوولی ئیڕانەوە ئاراستەی \"حەسەن رۆحانی\" کرد.

\"16590.jpg\"
محەمەمد عەلی سوباحانی: ئێمە تەنیا لەسەر ماددەی هۆشبەر و تریاک و حەشیش خەڵک لەسێدارە ئەدەین
عەدنان ئەنوەر بەگ لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا رایگەیاند: \"ئێمە ٢٥ سەرۆک رێکخراو سەردانی کونسوولی ئێرانمان لەشاری هەولێر کرد و نامەیەکی ناڕەزایەتیمان ئاراستەی حەسەن رۆحانی کرد و ئەوپەڕی ناڕەزایەتیی خۆمان سەبارەت بە لەسێدارە دانی زیندانیانی سیاسیی کورد بە \"محەممەد عەلی سوبحانی\" کونسوولی ئێران راگەیاند\".

سەرۆکی فراکسیۆنی ئەنجومەنی باڵای رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان باسی لەوەش کرد، \"سوبحانی پێی راگەیاندین کە ئێمە وەک وڵاتی ئێران هیچ کەسێک لەسەر بیروباوەڕی سیاسی لەسێدارە نادەین و تەنیا لەسەر ماددەی هۆشبەری وەک: (تریاک و حەشیش) خەڵک لەسێدارە ئەدەین\".

\"16589.jpg\"
عەدنان ئەنوەر بەگ: حکوومەتی ئێرانیش بە پێی عادەتی خۆی ئەگەر بیهەوێ کەسێک لەسێدارە بدات، تۆمەتێکی بۆ هەڵ ئەبەستێت
عەدنان ئەنوەر بەگ، گوتیشی: \" راشکاوانە بە کونسووولی ئێرانم راگەیاند کە ئەم سێ کەسەی کە لەم دواییەدا لەسێدارە دران زیندانیی سیاسی بوون و حکوومەتی ئێرانیش بە پێی عادەتی خۆی ئەگەر بیهەوێ کەسێک لەسێدارە بدات، تۆمەتێکی بۆ هەڵ ئەبەستێت\".

لە ١٠ رۆژی رابردوودا سێ زیندانیی سیاسیی کورد بەناوەکانی \"حەبیبوڵڵا گوڵپەری‌پوور، رەزا ئیسماعیلی، شێرکۆ مەعارفی\" لە زیندانەکانی ورمێ، سەڵماس و سەقز لە سێدارە دران.

\"16602.jpg\"
ئەنجومەنی باڵای رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ ناڕەزایەتی سەبارەت بە لەسێدارە دانی زیندانیانی سیاسیی کورد، سەردانی کونسوولی ئێرانیان لەشاری هەولێر کرد.
سەرۆکی فراکسیۆنی ئەنجومەنی باڵای رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان گوتیشی کە لەو نامەیەدا باسمان لەوە کردبوو و هاوکات بە کونسوولی ئێرانیشمان راگەیاند: \" حەسەن رۆحانی بەڵێنێکی زۆری بە خەڵک بەتایبەت خەڵکی کورد دابوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەی هاتە سەرکار لێشاوی لەسێدارە دان دەستی پێکرد کە ئەمەش پێچەوانەی ئەو بەڵێنییانە دەسەلمێنێت\".

عەدنان ئەنوەر بەگ لە وڵامی پرسیارێکدا کە ئایا چاوەڕێی وڵامی ئەو نامەیە دەکەن، رایگەیاند: \"، بەهۆی ئەوە کە وڵاتە دیکتاتۆر و سەرەۆکان رەخنەیان پێ قەبووڵ ناکرێ و پێی تێکدەچن، ئێمە تەنیا بەو نامەیە قەناعەت ناکەین و لە هەموو کەناڵێکەوە ناڕەزایەتی دەردەبڕین و راپۆرتی خۆمان بە رێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەدەینەوە و دڵناین کە ئەمە کاریگەریی خۆی دەبێ\".