هەولێر؛ ژاکان باران لێوەکانی خۆی دووریوە

17:25 - 9 جۆزەردان 2721

ژاکان باران، شاعیری خەڵکی "مەلەکشا" سەر بە ئیلام، لە ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ وڵامنەدانەوەی نووسینگەی نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر بەنیسبەت داخوازییەکانی، لێوەکانی خۆی دووریوە.

ئەو شاعیرە کوردە کە لەبەردەم نووسینگەی نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر، دەستی داوەتە مانگرتن ڕایگەیاندووە کە هەتا ئەو کاتەی کە وڵامی ویست و داخوازییەکانی نەدرێتەوە، دەست لە مانگرتن هەڵناگرێت.

ژاکان باران داوای لە ناوەندەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ کردووە کە پشتیوانی لە داخوازییەکانی بکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە ۹ی جۆزەردان، پەنابەرانی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ سێهەمین جاری پەیتاپەی، لەبەردەم نووسینگەی نوێنەرایەتیی UN لە هەولێر، خۆپیشاندانیان بەڕێوە بردووە و خوازیاری پێڕاگەیشتن بە داواکارییەکانیانن.

پەنابەرانی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە بەیانییەیەکدا داخوازییەکانیان لە ۹ مادەدا نووسیوە و ڕادەستی نوێنەرایەتیی UN لە هەولێر و یونامییان کردووە.