هەولێر؛ باری جەستەیی بێهزاد مەحموودی "زۆر ناجێگیر" ڕاگەیەندراوە

12:04 - 29 بانەمەڕ 2721

باری جەستەیی "بێهزاد (محەممەد) مەحموودی"، پەنابەری سیاسیی خەڵکی بۆکان کە ڕۆژی ڕابردوو لە بەردەم نووسینگەی نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر، پێتەختی هەرێمی کوردستاندا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو، زۆر ناجێگیرە.

ئەو پەنابەرە سیاسییە، لە نەخۆشخانەی ئیمێرجێنسیی هەولێردا خەوێندراوە و پزیشکەکان بارودۆخی جەستەیی ناوبراویان "زۆر ناجێگیر" ڕاگەیاندووە.

بێهزاد مەحموودی ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی بانەمەڕ، لە بەردەم نووسینگەی نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێردا دەستی دابووە مانگرتن و بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ وڵامنەدانەوەی پێرسۆنێلەکانی ئەو نووسینگەیە بەنیسبەت داواکارییەکانی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا. ئەو پەنابەرە، ڕێژەی سووتاوییەکەی ٩٠ لەسەد ڕاگەیەندراوە.

بێهزاد مەحموودی، ئەندامی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانە.