هەورەتریشقە بوو بەهۆی سووتاندنی دار بەڕوو و وەنەکانی شاری دێهلوڕان

12:03 - 24 بانەمەڕ 2721

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەهۆی ڕووداوی سروشتیی هەورەتریشقە، زیاتر لە ٢ هەزار میتری چوارگۆشە، لە لەوەڕگە و لێرەوارەکانی شاری دێهلوڕان، سووتاون.

"نەسروڵڵا پارسە" بەرپرسی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی شاری دێهلوڕان لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "بەهۆی لێدانی هەورەتریشقە لە لەوەڕگەی ناوچەی سیاکێوی ئەو شارە، بەشێک لە لەوەڕگە و دارستانەکانی ئەو ناوچەیە لە ئاگردا سووتان".

نەسروڵڵا پارسە هەروەها ڕایگەیاند: "ئەو ئاگرتنەوەیە کە لە دوو شوێن ڕووی داوە، بە هاوکاریی خەڵکی ئەو ناوچەیە، چالاکانی ژینگەیی و لایەنگرانی ژینگە، کۆنتڕۆڵ کراوە".

 هەر چەند بەرپرسایەتیی پاراستنی دارستانەکان و لەوەڕگەکان لە ئەستۆی ناوەندە حکوومەتییەکان وەکوو ئیدارەی ژینگەپارێزی، جەنگەڵبانی و ئیدارەی ئاگرکۆژێنەوەیە، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا چالاکانی ژینگە و خەڵکی گوندەکان بە شێوەی خۆڕسک هەوڵی کۆژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن.