هەواڵی تەکمیلی لەبارەی چارەنووسی ٣ ژنە چالاکی خەڵکی خوراسان

22:21 - 5 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای دەستبەسەر کرانی ٣ ژنە چالاکی خەڵکی مەشهەد، رۆژی هەینی یەکێک لە دەستبەسەر کراوان بەناوی \"مینا خەبووشانی\" ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، \"مەحبووبە خەبووشانی و بێهناز رەزازادە\" هەتا ئێستا لە دەستبەسەری دان و لەمەڕ چارەنووسیان هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نیە.

ئەو ٣ چالاکە ژنە، خەڵکی \"قووچان\" و لە شاری مەشهەد دادەنیشن کە چەند رۆژ لەمەوپێش لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنكی نادیار راگوێزرابوون.

چەند کاتژمێر پێش ئێستا هەواڵی دەستبەسەر کرانی ئەو ٣ چالاکە ژنە لەلایەن \"ئاژانسی موکریان\"ەوە بە پشت بەستن بە لاپەڕەیەکی فەیسبووک بە ناڕاست لە قەڵم درا، ئەمە لە کاتێک دایە ئەو هەواڵە لەلایەن \"ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا\"وە بە توندی رەت دەکرێتەوە و بەڵگەی پێویست لەمەڕ دەستبەسەر کرانی ئەو ٣ چالاکە ژنە لەبەر دەستی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەیە.

هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لە پێوەندی تاوانی ئەو ٣ چالاکە ژنە لەبەر دەستدا نیە.

ماوەیەک لەمەوبەریش \"گوڵی شادکام\" ژنە چالاکی کوردی خەڵکی مەشهەد لەلایەن ئیدارەی حیراسەتی مەشهەدەوە بانگهێشت و پێی راگەیەنرابوو کە مافی پێداچوونەوە بە کتێبی کوردیی نیە.

لەلایەكی دیكەشەوە یەلدا عەباسی کچە گۆرانیبێژی بەناوبانگی كوردی خۆراسان لە فڕۆكەخانەی مەشهد لە كاتێكدا ویستبووی سەفەری وڵاتی توركیە بكات پێشی پێگیراوە و پێیان راگەیاندبوو كە چوونە دەرەوەی لە وڵات و سەفەر كردنی قەدەغەیە.