هەواڵدەریی مێهر پشتیوانانی کەمپین لە کوردستانی بە\"دژە شۆڕش\" ناوزەد کرد

15:00 - 19 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: هەواڵدەریی حکوومەتیی \"مێهر\"، بە بڵاوکردنەوەی وتارێک سەبارەت بە پشتیوانی لە کەمپینەکانی شەنگال،کوبانێ و کۆڵبەرانی سەر بە \"حیزبە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران\" زانی.

هەواڵدەریی حکوومەتیی \"مێهر\" بە بڵاوکردنەوەی بابەتێک لە ژێر ناوی \"ئەمجارە نۆرە گەیشتە کۆڵبەران\"، باسی لەوە کردووە کە؛ بە وەڕێخستنی کەمپینەگەلێک لە کوردستان، دەرفەت بۆ هەڵپەرستی چالاکانی دونیای مەجازی دەڕخسێنن.

ئەو هەواڵدەرییە لە درێژەی ئەو بابەتەدا نوسیوویەتی؛ پشتیوانانی کەمپینەکانی مەدەنی لە کوردستان بە کەسانی\"بەرژەوەندیخواز\" و \"هەڵپەرست\" ناوزەد کردووە.

ئەو هەواڵدەرییە، حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانی بە \"هەڵپەرست\" و\"کەلک ئاژۆ\" وەرگرتن لە کەمپینەکان لە کوردستان تۆمەتبار کردووە.

بڵاو کردەنەوەی ئەم بابەتە، ناڕەزایەتی توندی چالاکانی مەدەنی لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتی لی کەوتووەتەوە.

پێشتریش، بەڕێوەبەری هەواڵدەریی \"مێهر\" لە کوردستان، بە بڵاو کردنەوەی وتارێک داوای ڕووبەڕووبوونەوەی قەزایی لەگەڵ چالاکانی مەدەنی لە کوردستانی کردبوو.

پاش ڕووداوەکانی شەنگال و کوبانێ، چالاکانی سیاسی و فەرهەنگی لە کوردستانی ئێران بە وەڕێخستنی کەمپین پشتیوانیی کردەیی خۆیان لە کوردکانی\"کوبانێ\" و\"شەنگاڵ\" دەربڕیبوو.

پاش هەرەسی ڕنوو لە شاری سەردەشت و گیانلەدەستدانی چەند کۆڵبەری خەڵکی ئەو شارە لەو ڕووداوەدا، چالاکانی مەدەنی لە کوردستان بە وەڕێخستنی کەمپینگەلێک داواکاری پێڕاگەیشتن بە بارودۆخی ناڵەباری کۆڵبەران لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بوون.