هەواڵدەریی حکوومەتیی "مێهر" لە هەواڵێکدا باسی لە دەسبەسەرکردنی بنەماڵەی پووپا بەختیاری کرد

10:51 - 3 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: هەواڵدەریی "مێهر" سەر بە حکوومەت، لە هەواڵێکدا باسی لە دەسبەسەرکردنی بنەماڵەی "پوویا بەختیاری"، هاووڵاتیی ناڕازی لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ کرد.

هەواڵدەریی مێهری حکوومەتی، ڕۆژی شەممە، ٢ی بەفرانبار، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار، باسی لە دەسبەسەرکردنی بنەماڵەی "پوویا بەختیاری"، یەکێک لە کوژراوانی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی ئێران کرد.

هەواڵدەریی مێهر لە زاری ئەو سەرچاوەیەوە نووسیوویەتی: "یەکێک لەو بنەماڵانە کە کوڕەکەیان لە کاتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان (اغتشاشات) بە شێوەیەکی گوماناوی کوژرابوو، بنەماڵەی "پوویا بەختیاری" بوو کە سەرەڕای داواکردن لێیان و قسەکردن لەگەڵ بنەماڵەی کە لە ڕەوتی پرۆژەی دژە شۆڕش بوو،  چالاکانە پێداگرییان لەسەر هەوڵە پێکهاتەشکێنەکانی کوڕەکەیان دەکرد."

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی مێهر لە زاری ئەو سەرچاوەیە: "بنەماڵەی پوویا بەختیاری بە حوکمی دادوەری و لە ڕاستای "پاراستنی نەزم و ئەمنییەت" و هەروەها بە مەبەستی پێشگرتن لە پرۆژەی کوژراوسازی و دووبارە بوونەوەی هەوڵە چەکدارانەکان دژی خەڵکی ئێران، ئەم مۆرەیە دەسبەسەر کراوە".

بنەماڵەی پوویا بەختیاری لە بانگەوازێکدا، داوایان لە هاووڵاتییان کرد کە ڕۆژی ٥ی بەفرانبار لە  ڕێوڕەسمی چلەی ڕۆژی گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان بەشداری بکەن.

پوویا بەختیاری لەدایکبووی ساڵی ٧١ی هەتاوی، لە دووهەمین ڕۆژی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بەهۆی گرانبوونی بێنزین، بە تەقەی مەئموورانی حکوومەتی گیانی لەدەست دا.

ماوەیەک پیش، ئەدەبیاتی "پروژەی کوژراوسازی لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتی ئێرانەوە بۆ خۆده‌ربازكردن له‌ تاوانی هه‌موو كوشتاره‌كان، باسیان له‌ كوژراوسازی كردووه‌، گوایه‌ لایه‌نی دیكه‌ له‌نێو خۆپیشاندانه‌كاندا كه‌سانی به‌شداریان كوشتووه".