هەندێک لە دەزگا حکوومەتییەکان داوای فیلتێرکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان کردووە

13:49 - 8 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: وەزیری پێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند؛ هەندێک لە دامودەزگا حکوومەتییەکان، گوشاریان خستە سەرمان تاکوو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان فیلتێر بکەین و ئینتێرنێتیش بپچڕێنین.

\"خبر ئانلاین\" لە زاری مەحموود واعزی، وەزیری پێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بڵاوی کردەوە کە؛ لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکاندا بەشێک لە دامەزراوە حکوومەتییەکان، گوشاریان خستە سەرمان تاکوو هێڵی ئینتێرنێت بپچڕێنین و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش فیلتێر بکەین، بەڵام ئێمە ئامادە نەبووین ئەم داواکارییە جێبەجێ بکەین.

لە ٢ ڕۆژ پێش لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شورای ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگانەوە، هێڵی ئینتێرنێت لە ئێران لەگەڵ دابەزینی ئاستی خێرایی بەرەوڕوو بوویەوە و تەنانەت تۆڕی تێلێگرامیش پچڕا.

واعێزی هەرچەند باسی لەو لایەنانە نەکرد کە وەها گوشارێکیان خستۆتە سەر وەزارەتەکەی، بەڵام چاودێران بەپێی ئەزمونی ڕابردوویان، پێیان وایە ئەم گوشارە لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعات و وەزارەتی نێوخۆ و هێزەکانی سپای پاسدارانەوە بووبێت.

لە چەند مانگی ڕابردوودا و هاوکات لەگەڵ نزیک بوونەوە لە خولی دەیەمی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شورای ئیسلامی، بە هاوئاهەنگی لە نێوان وەزارەتی ئیتلاعات، سپای پاسداران، دەزگای بەسیج و بەیتی ڕێبەری لەگەڵ وەزارەتی نێوخۆ، کە ئەرکی بەڕێوەبردنی ئەم هەڵبژاردنانەی لە ئەستۆیە، \"ئەتڵەسی ئەمنییەتی\"یان بۆ ئێران دانابوو، کە تێیدا کوردستان وەک خاڵی هۆشدار (سوور) دیاری کرابوو.