هەشتەمین فێستیڤاڵی ئوستانیی فیلم و وێنەی ژیار لە سنە بەڕێوە دەچێت

16:08 - 30 پووشپەڕ 2712
ئاژانسی كوردپا: ماڵپەڕی ئەنجومەنی سینەمای لاوانی ئێران (نووسینگەی سنە) بڵاوی كردەوە، هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی ئوستانیی فیلم و وێنە و پێداچوونەوە بە بەرهەمی سینەماكارانی پارێزگای كوردستان لە سنە بەڕێوە دەچێت.

بەپێی هەمان سەرچاوە بە مەبەستی بردنە سەری ئاستی وشیاری و روانگەی نەوەی نوێ‌ بۆ تێكەڵ بوون بە فەزای سینەما و بە تێڕوانینی بارهێ،انی هونەرمەندانی دەروەست، داهێنەر و بە توانا كە ببێتە هۆی بەرهەمهێنانی كورتە فیلم و هەروەها گۆڕێنەوەی بیروڕا و ئەزموونەكان، ئەنجومەنی سینەمای لاوانی ئێران (نووسینگەی سنە) هەشتەمین خولی ئوستانیی فیلم و وێنەی ژیار لە رۆژانی 18 هەتا 20ی خەرمانان لە بەشەكانی: پێشبڕكێ‌، ئازاد، تایبەت و لاوەكی بەڕێوە دەبات.
\"5349.jpg\"
لەو فێستیڤاڵەدا هەموو بەرهەمی سینەماكار، وێنەگر و سیناریۆنووسانی پارێزگای كوردستان، وەك بەهرەمەند، لاوان، خوێندكاران و ئۆگر و كەسانی بە ئەزموون دەخرێنە روو و تاوتوێ‌ دەكرێن.

لەو فێستێڤاڵەدا بڕیارە 10 كورتە فیلم هەڵبژێردرێن و بەمەبەستی پتەوتر كردنی پێوەندیی فەرهەنگی لەگەڵ سینەماكارانی هەرێمی كوردستان و ئێران پیشان بدرێن.

لە كۆتایی ئەو فێستیڤاڵەدا سەركەوتوانی هەركام لە بەشەكان خەڵات دەكرێن و رێز لە سینەماكار و هونەرمەندانی وێنەگر دەنرێت.