٣٠ی گەلاوێژی ١٤٠٥؛ ڕۆژی ڕابردوو «لەتیفە محەممەدزادە»، ژنی ٤٩ ساڵانی کوردی خەڵکی سەقز، لەلایەن هاوسەری پێشووی، «ئومید فەیزی»، بە لێدانی زیاتر لە ۲۰ زەبری چەقۆ و لێدانی توند کوژرا. ئەو دایکی کوڕێکی ١٦ ساڵان و سەرپەرستی بوو، لە ڕێگەی کارکردن لە ئاژانسێکی گواستنەوەی موسافیردا و کرێکاری لە مەزرا بژێوی ژیانی دابین دەکرد. ئەو و منداڵەکەی چەندین جار لەلایەن «ئومید فەیزی»یەوە هەڕەشەی کوشتنیان لێکرابوو و دادگاش لە ڕۆژانی ڕابردوودا دژی «فەیزی» بەهۆی توندوتیژی و هەڕەشەکردنەوە، بڕیاری زیندانیکردن و سزای دارایی دەرکردبوو.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ ڕۆژی پێنجشەممە ۲۹ی گەلاوێژی ١٤٠٥، «لەتیفە محەممەدزادە» لە ڕێگەی گەڕانەوەی لە کاری گواستنەوەی موسافیر لە گوندی «یورقل»ەوە بۆ شاری سەقز، لە جاددەی «قەرەناو»، لەلایەن هاوسەری پێشووی «ئومید فەیزی»یەوە هێرشی کرایە سەر. «فەیزی» بە لێدانی زیاتر لە ۲۰ زەبری چەقۆ و لێدانی توند، کە بووە هۆی شکانی ئێسکەکانی جەستەی و شەویلکەی، ئەم ژنەی کوشت و تەرمەکەی لە دەوروبەری جاددەکەدا بەجێ هێشت.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە سەبارەت بە پێشینەی جیابوونەوە و هەڕەشە بەردەوامەکانی سەر «لەتیفە محەممەدزادە» وتی؛ ئەو ساڵی ڕابردوو لە «ئومید فەیزی» جیا ببووەوە، بەڵام دوای جیابوونەوەش هێشتا لەژێر هەڕەشەی گیانیی هاوسەری پێشوویدا بوو. توندیی ئەم هەڕەشانە بە ڕادەیەک بوو کە لەتیفە محەممەدزادە لە دادگا سکاڵای لەسەر تۆمار کردبوو. سێ ڕۆژ پێش کوژرانی ئەم ژنە، دادگا بەهۆی توندوتیژی و هەڕەشەوە، دژی «ئومید فەیزی» بڕیاری زیندان و سزای دارایی دەرکردبوو و لەتیفە محەممەدزادەش بە سەردانکردنی دادگا لە دەرچوونی ئەم بڕیارە ئاگادار کرابووەوە. بەم حاڵەشەوە، دوای ئەوە «ئومید فەیزی» دەستی بۆ کوشتنی برد.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بەهۆی توندوتیژییە بەردەوامەکانی «ئومید فەیزی» دژی لەتیفە محەممەدزادە، تەنانەت دوای جیابوونەوەش، دادگا بۆ زیادکردنی ئاسایشی، لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا کامێرای دانابوو. بەڵام بکوژ لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا دەستی کردووە بە لێکردنەوەی کامێراکانی ناو ئۆتۆمبێلەکە و بەشی پەخشەکەی، کە ئەم ئامێرانە ئێستا لە لای ئیدارەی ئاگاهین.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتی؛ «ئومید فەیزی» تا ئێستا دەسبەسەر نەکراوە. ڕۆژی ڕابردوو، هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهی دوای ئامادەبوونیان لە شوێنی تاوانەکە، سەرەتا ڕایانگەیاندبوو کە لەتیفە محەممەدزادە بە ٦ زەبری چەقۆ کوژراوە، بەڵام پزیشکی دادوەری دەستنیشانی کردووە کە ئەو زیاتر لە ۲۰ زەبری چەقۆی بەرکەوتووە و شوێنی شکان بەسەر ئێسکەکانی جەستە و شەویلکەیەوە هەبووە.
ئەم سەرچاوەیە سەبارەت بە ژیانی لەتیفە محەممەدزادە و پێشینەی توندوتیژی دژی ناوبراو وتی؛ «لەتیفە محەممەدزادە» لە هاوسەری پێشووی «ئومید فەیزی» هیچ منداڵێکی نەبوو، بەڵام لە هاوسەری یەکەمی دوو منداڵی هەبوو. منداڵی یەکەمی لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لە ساڵی ۱۳٨٦ یا ۱۳٨۷ گیانی لەدەست دا و منداڵی دووەمی ئێستا ١٦ ساڵانە و لەتیفە سەرپەرستیی دەکرد.
ئەو کە لە ١٨ ساڵیدا هاوسەرگیری کردبوو، لە هاوسەری یەکەمی بەهۆی ئاوودەبوونی بە ماددەی هۆشبەر و بەپێی بڕیاری دادگا جیا ببووەوە. هاوسەرگیریشی لەگەڵ «ئومید فەیزی» بە زۆری نزیکەکانی، لەوانە یەکێک لە خاڵەکانی، ئەنجام درابوو؛ چونکە «ئومید فەیزی» هاوبەشی کاریی ئەو بوو. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لەتیفە تەنانەت مافی ناڕەزایەتیدەربڕینی بەرانبەر ئەم هاوسەرگیرییە نەبوو و «ئومید فەیزی»ش کەڵکئاوەژووی لەم بارودۆخە دەکرد و بە توندی لێی دەدا و توندوتیژیی دەنواند.
بەم حاڵەشەوە هەندێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی پشتیوانییان لە لەتیفە دەکرد و هەر جارێک کە ئەو پەنای دەبردە بەریان، «ئومید فەیزی» بە هەڕەشەی ئەوەی کە لە ئەگەری نەگەڕانەوەی لەتیفە بۆ ماڵەوە ئەسید بەسەر کوڕەکەیدا دەکات یان دەیکوژێت، ناچاری دەکرد بگەڕێتەوە.
لەتیفە محەممەدزادە دوای جیابوونەوە لە «ئومید فەیزی»، لە ڕێگەی کرێکاری لە مەزرای گەنم، چنینەوەی سێو و بژارکردن لە زەوییە کشتوکاڵییەکاندا و هەروەها کارکردن لە ئاژانسێکی گواستنەوەی موسافیردا، تێچووی ژیانی خۆی و منداڵەکەی دابین دەکرد.
«لەتیفە محەممەدزادە» لەدایکبووی ساڵی ۱۳٥٥ بوو و بڕیار بوو یەکی خەرمانانی ١٤٠٥، جێژنی ٥٠ ساڵەی تەمەنی بگرێت. کوڕە ١٦ ساڵانەکەی کە سەرپەرستیی لەسەر شانی لەتیفە بوو، ئێستا بێ دایک ماوەتەوە.
نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ۳۰ی گەلاوێژی ١٤٠٥، تەرمی «لەتیفە محەممەدزادە» لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز بەخاک سپێردرا.





