٥٠ هەزار پۆلی خوێندنی دروست کراوی خشت لە ئێران بوونی هەیە

17:32 - 3 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: سەرەرای بوونی مەترسیی روودانی بوومە لەرزە لەو ڵاتی ئێران، هەتا ئێستاش ٥٠ هەزار پۆلی خویندنی دروستکراوی قوڕ و خشت لە ولاتی ئێران بوونی هەیە.

بەرپرسی رێکخراوی نۆژەن کردنەوەی قوتابخانەکان بە هەوالدەریی \"ئیسنا\"ی راگەیاندووە، لە کاتێکدا ١٦%ی بودجەی نۆژەن کردنەوەی قوتابخانەکان کەمی کردووە کە ٥٠ هەزار پۆلی دروستکراوی قوڕ و خشت لە ئێران بوونی هەیە و سەرجەمیان لە بەرەبەری رووخاندان.

مورتەزا رەییسی وێرای جەخت کردنەوە لە کەم کردنەوەی ١٦%یی بۆدجەی رێکخراوەکەیان لە ماوەی ئەمساڵدا رایگەیاندووە: بۆدجەی نۆژەن کردنەوەی قوتابخانەکان لە ١ هەزار و ١٧٠ میلیارد تمەنەوە بۆ ٩٨٠ میلیارد تمەن دابەزینی بەخۆیەوە بینیەوە.

ئەو بەرپرسە ئەوەشی خستۆتەڕوو، بوونی ٥٠ هەزار قوتابخانەی نزیک لە رووخان، لە حاڵێک دایە، کە وڵاتی ئێران وڵاتێکە ساڵانە چەندین بوومە لەرزەی بەهێزی تێدا روو ئەدات و ئەمەش مەترسییەکی گەورە بۆسەر گیانی قوتابیان و منداڵان بە ئەژمار دێت.

ناوبراو باسی لەوەش کردووە، زۆربەی ئەو قوتابخانانە پێش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ئوستانەکانی \"ورمێ، شیراز، مەشهەد و تەورێز\"دا دروستکراون و هیچ بنەمایەکی ئیمەنی و تەندروستییان تیدا رەچاو نەکراوە.

بەرپرسی رێکخراوی نۆژەن کردنەوەی قوتابخانەکان راشیگەیاندووە، کە زیاتر لە ١٥٠ هەزار قوتابخانە لە سیستمی گەرم کردنەوەی ستاندارد بێبەرین و کە ئەمەش مەترسییەکی دیکەیە بۆسەر گیانی قوتابیان.

لەلایەکی دیکەوە \"فەریبۆرز ئیسماعیل‌زادە\" بەرپرسی گشتیی نۆژەن کردنەوەی قوتابخانەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا رایگەیاندووە، ٦٠٠ پۆلی خوێندن لە گوندەکانی ئەو ئوستانە لە سۆپەی نەوتی بۆ گەرم کردنەوەی پۆلەکانیان کەڵک وەردەگرن، بەلام بەهۆی کەمیی بۆدجەوە توانای دابین کردنی سیستمی گەرمایی ستانداردیان نییە.

رێکەوتی ١٥ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩١ بەهۆی تەقینەوەی کوورەی نەوتی قوتابخانەی \"ئینقلابی ئیسلامی\" لە گوندی \"شیناوێ\"ی سەر بە شاری پیرانشار ٣٧ قوتابیی کچی ئەو گوندە تووشی رووداوی ئاگر بوون و دواتر ٢ کچە قوتابی بەهۆی کاریگەریی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەست دا.