٤ هەزار و ٢٠٠ سەر مەڕ و ماڵاتی کاسبکاران لەلایەن هێزە نیزامییەکانی دەستی بەسەردا گیراوە
11:08 - 13 خەزەڵوەر 2720
بەرپرسی پۆلیسی ئەمنییەتی ئابووری فەرماندەیی پارێزگای ورمێ، ڕایگەیاندووە: "لە سەرەتای ئەمساڵدا، ٤ هەزار و ٢٠٠ سەر مەڕ و ماڵات، لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە، دەستی بە سەردا گیراوە".
بەهمەن ڕۆستەمی، لە وتووژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی فارس، ڕایگەیاندووە: "ئەو ٤ هەزار سەرە مەڕ وماڵاتە، بە بڕی ٩٠ میلیارد ڕیاڵ بووە، کە هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی دەستیان بە سەرداگرتووه".
ئەو بەرپرسە نیزامییە وتوویەتی ئەو مەڕ و ماڵاتەی کاسبکاران هی کەسانی قاچاخچی بووە.
بەرپرسی پۆلیسی ئابووری و فەرماندەیی هێزە ئینتزامییەکان، هەروەها باسی لە دەسبەسەرکردنی ١١٧ کەس لەو پەیوەندییەدا، کردووە.